شاخەوان عەبدوڵڵا: چی وەڵامی پێشمەرگە دەدەنەوە كە مانگی یەك موچەیان پێنەدان

خواكوڕك
لەدوای ئەوەی كوردو هێزەكانی پێشمەرگە لە بودجەی ساڵی 2017 پەراوێز خران, ئەندامێكی كوردی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: “لە 2017 حكوومەتی عێراق هیچ بودجەیەك بۆ پێشمەرگە نانێرێت، مەگەر بە میزاجی سەرۆكوەزیران بینێرێت
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: ”
بەداخەوە موزایەدەی پەرلەمانتارانی كورد یەكێكە لە كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقیش، ئێمە دەبێت واقیع بین، ساڵی نوێ بەڕێوەیە، مانگی یەك سوپای عێراق و حەشدی شەعبی مووچەی خۆیان وەردەگرن، بەڵام بە پێشمەرگە نادرێت، ئەو كات دەبێت ئەو پەرلەمانتارانە چی وەڵامێكیان بۆ پێشمەرگە پێ بێت”.

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی:” من لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراق قسەم كردووە و دەڵێن هەر وەكو ساڵانی پێشووە و هیچ جۆرە پارەیەكتان لەلای ئێمە نییە، چونكە هیچ بڕەپارەیەكی بۆ تەرخان نەكراوە، لە نێو بوودجەی وەزارەتی بەرگری هیچ بوودجەیەك بەناوی بوودجەی هێزە وشكانییەكانەوە نییە و ئەوان دەڵێن هەر كەسێك قسە دەكات شارەزایی نییە و بە عەقڵی خۆی قسە دەكات، بۆیە وەكو ساڵانی پێشوو بوودجەی عێراق هیچ شتێكی بۆ پێشمەرگە تێدا نابێت”.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێت:” هیچ بوودجەیەك بۆ پێشمەرگە خەرج ناكرێت و ئەوەی هەیە تەنها میزاجی سەرۆكوەزیرانی عێراقە و هەر كاتێك بیەوێت شتێكی كەم دەنێرێت كە بەپێی بوودجە نییە، ئەگەر شتێكی كەم بنێرێت وەكو ئەو ئامێرانەی پووچەڵ كردنەوەی بۆمب كە هەموو شتەكانی لێكرابوونەوە و بە كەموكورتی بۆ پێشمەرگە نێردرابوو”.

Back to top button