ههرێمی كوردستان و یابان بۆ جێبهجێكردنی پڕۆژهی دروستکردنی ئاوەڕۆیی هەولێر كه یهكێكه لهگهورهترین پڕۆژهكان رێككهوتن
به مهبهستی ئهنجامدانی پڕۆژهی ئاوهڕۆی ههولێر كه بڕیاره كۆمپانیایهكی یابانی ئهنجامی بدات ئهمڕۆ دووشهممه ههر یهكه له ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و کونسڵی گشتی ژاپۆن لە هەولێر و بەرێوەبەری ئاژانسی هەماهەنگی نێودەوڵەتی ژاپۆن (جایکا) لەعێراق، رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی خزمەتگوزاری راوێژکاری بۆ پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆیی هەولێر سازکرا.
لە شاری هەولێر مەراسیمی پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ و چارەسەركردنی ئاوی قورسی شاری هەولێر بە ستانداردێكی جیهانی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لەژێر ناوی (گرێبەستی خزمەتگوزاریی راوێژكاریی وەك بەشێك لە پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان لە هەولێر راگەیەندرا.پڕۆژەكە لەلایەن (ئاژانسی جایكا)ی وڵاتی یابان جێبەجێ دەكرێت لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی قەرزی نێوان عێراق و یابان.
كۆی گشتیی تێچووەكەشی 2 میلیار دۆلارە و ماوەی 77 مانگ دەخایەنێت و بە چوار قۆناغیش تەواو دەكرێت، لە ئێستادا تێچووەكەی نزیكەی 300 ملیۆن دۆلارە و بە تەواوبوونیشی كێشەكانی ئاوەڕۆ و ئاوی قورس لە شاری هەولێر چارەسەر دەكات، بە دروستكردنی هێڵە سەرەكییەكانی ئاوەڕۆی قورس بە درێژایی 75 كیلۆمەتر و دروستكردنی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورس لە دوورایی 11كیلۆمەتر لە سەنتەری پایتەختەوە كە توانای چارەسەركردنی 105،000 مەتر سێجا ئاوی قورسی هەیە لە رۆژێكدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی كانوونی دووەمی 2019، بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمێكدا گرێبەستی خزمەتگوزاری راوێژكاری وەك بەشێك لە پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان، راگەیاند و لە وتارێكدا بە وردی گرنگی پڕۆژەكەی خستەڕوو كە هەر یەكە لە بەڕێزان كاتسوومی مۆریاسوو، كونسوڵی یابان لە هەولێر، دكتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ماسایۆكی هیرۆساوا بەرپرسی ئۆفیسی جایكا لە عێراق، كوجی میزونۆ سەرۆكی UIC ئامادەی واژۆكردنی گرێبەستەكە بوون.
بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گوتارێكدا رایگەیاند: پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان لە هەولێر لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی قەرزی نێوان عێراق و یابانە و لە لایەن ئاژانسی (جایكا)وە جێبەجێ دەكرێت. سەبارەت بە گرنگی پڕۆژەكە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان لە هەولێر پڕۆژەیەكی ستراتیژیی گەورەیە و بە چوار قۆناغ جێبەجێ دەكرێت و كۆی تێكڕای گوژمەكانی دەكاتە 2 ملیار دۆلار كە لە ئێستادا قۆناغی یەكەمی بە كۆی تێچووی نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار و لە ماوەی 3 ساڵدا دەچێتە بواری جێبەجێكردن، گوتیشی: ئەم گرێبەستەی كە واژۆ دەكرێت، دەستپێكی سەرەتای پڕۆژەكەیە و بڕەكەی نزیكەی 30 ملیۆن دۆلارە و تا ماوەی 77 مانگ دەخایەنێت. هەروەها راشیگەیاند: ئەم پڕۆژەیە چارەسەری كێشەكانی ئاوەڕۆ و ئاوی قورس لە هەولێر دەكات بە دروستكردنی هێڵە سەرەكییەكانی ئاوەڕۆی قورس بە درێژایی 75كم و هەروەها دروستكردنی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورس لە دوورایی 11كم لە سەنتەری پایتەختەوە كە توانای چارەسەركردنی 105،000 مەتر سێجای ئاوی قورسی لە رۆژێكدا هەیە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا راشیگەیاند: بەپێویستی دەزانین لەم بۆنەیەدا جەخت لەسەر جدییەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەینەوە لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی دەكەوێتە سەرشانمان، هەروەها گوتیشی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكی پشتگیریی لەم پڕۆژەیە دەكات بۆ باشتركردن و ئاسانكردنی جێبەجێكردنی كارەكانی ئەم پڕۆژەیە.
سەبارەت بە گرنگی پڕۆژەكە لە دوای تەواوبوونی، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، هەموو ئەو مەترسییە تەندروستی و ژینگەییانە كۆتاییان پێدێت كە لە ئەنجامی رێڕەوی ئەم ئاوەڕۆیە كاریگەرییان لەسەر دەوروبەر و ئاوی ژێر زەوی و كشتوكاڵ دروستكردووە و مایەی زۆر گرفتی چارەسەرنەكراون لەم ناوچەیەدا. هەرەوەها هەولێریش یەكێك لە گرفتە گەورەكانیشی چارەسەر دەكرێت كە بە حوكمی تەخاتیی تۆپۆگرافییەكەیەوە كێشەی ئاوەڕۆی ئاوی قورسی هەبوو, لەمەودوا ئەم كێشەیەی نامێنێت.
بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی حكوومەتی عێراق و یابانی كرد و رایگەیاند: لە كاتێكدا سوپاسی حكوومەتی یابان دەكەین لە پێدانی ئەم قەرزە بە عێراق و ئاژانسی جایكا كە ماوەی 3 ساڵ چاوەڕێیان كرد تا ئەم پڕۆسەیە كارا بكرێت. هەروەها سوپاسی حكوومەتی فیدراڵی عێراق دەكەین كە لە 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا رای یاسایییان دەرچوواند و ئەم پڕۆژەیەیان خستە سەر رێگەی جێبەجێكردن.
هەروەها كونسوڵی ژاپۆن و پارێزگاری هەولێر و نوێنەری كۆمپانی جایكا لە عێراق وتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگی پڕۆژەكە كرد، لە بەشێكی وتارەكەیدا فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: وەكو ئیدارەی پارێزگای هەولێر هەموو ئاسانكاری و پشتیوانی پێویست دەخەینە بەردەم كۆمپانیای راوێژكاری و جایكا بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە كاروبارەكانی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەستەبەر بكەن، گوتیشی: خۆشحاڵم كە لە هەولێر پڕۆژەیەكی گەورە دەست پێدەكات، داواكارم پڕۆژەكە چ لەڕووی ڕاوێژكاری و چ لەڕووی جێبەجێكردنەوە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا تەواو ببێت و هاوكارمان بن بۆ ئەوەی بە ئامانج بگات.