پیتەر گالبریت: “هەرێمی كوردستان لە گونجاوترین كاتدایە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی”
خواكوڕك
لێكۆلەرێكی ئەمریكی و راوێژكاری پێشووی سیاسیو دیپلۆماسی ئەمریكا, رایدەگەیێنێت, لە ئێستادا هەڵێكی زێرین بۆ هەرێمی كوردستان رەخساوە بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنوسی خۆیبدات و هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت.
پیتەر گالبریت, پسپۆر و لێكۆلەر لە كاروباری هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا، راوێژكاری پێشووی سیاسی و دیپلۆماسی ئەمریكا, لە هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ دەڵێت:” هەڵێكی زێرین بۆ هەرێمی كوردستان رەخساوە تا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن وهەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێنن و، گوتی: “ئەمە ویستی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە و دەرگاكەیش بە روویاندا كراوەیە، كە دەرگاكەیش كرایەوە دەبێت پێیدا بڕۆیت، بەڕاستی دۆخەكەیش ئێستا گونجاوترینە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێم، چونكە ئیدارەی نوێی ئەمریكا هاوسۆزن بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە پێی وایە كورد دەبێتە هاوپەیمانێكی نوێ بۆ تەنەوە یەكگرتووەكانی ئەمریكا”.
پیتەر گلبریت دەشڵێت: “ئەگەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێن، ئەوا دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەبێتە راستییەك لەسەر ئەرزی واقیع و جیهانیش دانی پێدا دەنێت، ئەم قۆناغە بە جۆرێك گرنگە پێویستە كورد چاوەڕوانی تەواو بوونی شەڕی داعش و كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ بكات، چونكە نازانرێت كەی شەڕی داعش تەواو دەبێت و ناشزانرێت كەی مووسڵ كۆنتڕۆڵ دەكرێتەوە، چونكە ئەوەی لە ئێستادا لە نێو مووسڵ دەگوزەرێت شەڕی كۆڵان بە كۆڵانە ئەم جۆرە شەڕەیش جیاوازە و كاتی زیاتری پێویستە”.
ئەو پسپۆڕە گوتیشی: “شتێكی روون و ئاشكرایە لە قۆناغی ئێستای ناوچەكە هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، تۆ ناتوانی بڵێی هێشتا هەرێم ئامادە نییە بۆ سەربەخۆیی، چونكە لە یەك دوو ساڵی داهاتوو كاردانەوەكان لە بەردەم دەوڵەتی كوردی زیاتر ئاشكرای دەكەن كە هەرێم زیاتر ئامادەیە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی، نابێت هاووڵاتییانی هەرێم بیر لەوە بكەنەوە كە دوای سەربەخۆیی چ ئاستەنگەنێك رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵكو دەبێت بیر لەوە بكەنەوە كە لەگەڵ غێراق دووچاری چەند بەربەست دەبنەوە، عێراق وڵاتێكە بە تەواوی بەڕێوە ناچێت وەك دەزانین كە ئێستا شیعە بەرەو حوكمی زۆرینە دەچێت لە عێراق و حەشدی شەعبیشی كردووە بە هێزێكی سەربازی فەرمی”.
سەبارەت بەوەی كورد چی بكات بۆ ئەوەی ئەو هەلە زێڕینەی لە دەست نەچێت؟ ئەو پسپۆر و لێكۆلەرەی كاروباری كوردستان لە ئەمریكا دەڵێت: “پێویستە گەلی كورد رایبگەیەنێت كە دەیانەوێت ریفراندۆم ئەنجام بدەن بۆ سەربەخۆیی هەرێمەكەیان، دەبێت دانوستاندن لەگەڵ بەغداش بكەن و لە ماوەی چوار بۆ پێنج مانگدا بگەنە رێككەوتن، ئەگەر بەغدا نەهاتە ناو رێككەوتنەكە لەبارەی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان، ئەو كات مافی خەڵكەكەیە لە بە راپرسی بابەتی سەربەخۆیی یەكلایی بكەنەوە”.