محموود سەنگاوی: كارەساتێكی گەورەیە پرۆژەی چاكسازی بۆ یەكێتی
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی باس وابریارە سبەی ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەی چاكسازی پەسەند بكات و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكات، لەو بارەیەوە رۆژنامەكە باس لەوە دەكات”پرۆژەی (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان- عێراق)، كە وەک باس دەکرێت لە پتر لە (20) ماددە پێكهاتووە، بڕیار بوو 15\11 واتە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، دوا وادەی کاری ئەو لێژنەیە بێت کە ئیشی لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە کردبوو و نوێنەری هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکوومەتیشی تیدایە، بۆیە وا چاوەڕوان دەکرا، هەر لەگەڵ تەواوبوونی، بۆ گفتوگۆی کۆتایی و پەسەندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی هەفتانەیدا، بڕیاری یەکجاریی لێ بدرێت و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی ناڕازیبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە راگیرا بۆیە لە ئێستادا بریارە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بكرێت و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت.
لەبارەی ئەو پرۆژەیە محموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی رایگەیاندووە” ئەوان بە پلەی وەزیر خانەنشین کراون، کە یەک ملیۆن و 347 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام هەڤاڵەکانی خۆیان، کە بە پلەی لیوا و فەریق خانەنشین کراون، 4 ملیۆن وەردەگرن، ئەوانە پێشمەرگەی دێرین نین، بەڵکوو ئەندامانی سەرکردایەتین، کاتی خۆی بڕیار درا ئەندامانی سەرکردایەتی بە پلەی وەزیر خانەنشین بکرێن.
لەبارەی پڕۆژەی چاکسازییشەوە، سەنگاوی بە روون و راشکاوی ئاماژەی بەوە دا: ”ئەو پڕۆژەیە کارەساتێکی گەورەیە بۆ یەکێتی، ئەو کادیرە حزبییانەی لە یەکێتیدا کار دەکەن، لەوێ خانەنشین کراون و پارەیان دراوەتێ، ئەوانەی تەمەنیان شموولی خانەنشینیی نەکردووە، لە دەزگایەکی حکوومین“.
هەر بە پێی راپۆرتەكەی رۆژنامەی باس، یەکێتی بەتایبەتی نیگەرانە لە چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و پێداچوونەوە بە خەرجی و مووچەی یەکەی حەفتا، هەروەها لە پێداچوونەوەی لیستی ئەو خانەنشینانەی پلەی باڵای سەربازییان پێ دراوە. بەڵام بەگوێرەی زانیاریەكان بە پێداگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رژدی لە سەر چاكسازیەكە وابریارە سبەی لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بكرێت و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت”.
هەر لەو باریەوە رۆژنامەی زەمەنی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان لەزاری سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكرا كردووە، یەکێتی نیگەرانە لەو بەشەی کە تایبەتە بە رێکخستنەوەی پێشمەرگە و پێداچوونەوە بە خەرجی و مووچەی هێزەکانی 70، هەروەها نیگەرانە لە پێداچوونەوەی لیستی ئەو خانەنشینانەی پلەی باڵای سەربازییان پێدراوە، هەروەها رۆژنامەكە ئاشكراشی دەكات” لە پڕۆژەکەی حكومەتدا راستكردنەوە كراوە بۆ موچەی خانەنشینی ئەو كەسانەی بە پلەی بەرزتر لە شایستەی خۆیان خانەنشین كراون، واتە: كەسێك پلەی بەڕێوەبەری گشتییەو بە بریكاری وەزیر خانەنشین كراوە، دەكرێتەوە بە بەڕێوەبەری گشتی، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئەو كەسانەی كە بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو بەڕێوەبەری گشتیو هەر پلەیەكی دیكە خانەنشین كراون و بە فعلی ئەو پۆستەیان نەبینیوە.
هەروەها پێداچوونەوەی تەواوەتی بە خانەنشینی سەربازیی و پێشمەرگەدا دەکرێت و سەرجەم خانەنشینییە نایاساییەکان دەبڕدرێن، بەتایبەتی ئەوانەی بەدەر لە یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمو هەردوو یاسای رێزلێنانی پێشمەرگەو خانەنشینی پێشمەرگە (زێرەڤانی) خانەنشین کراون، جگە لەو كەسانەی بە فیعلی پێشمەرگەی دێرین بوون، ئەوانیش بە یاسای تایبەت بە خانەنشینی پێشمەرگەی دێرین خانەنشین دەكرێن.
رۆژنامەكە گۆڕان باس لەوەش دەكات یەكەی ژمێریاری لە گشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە یەکەكانی (70) و (80) هەڵدەوەشێنرێنەوەو لە یەك یەكەی ژمێریارییدا کۆدەکرێنەوە، کە دەچنە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەو بەرنامەكان لەژێر وردبینی دیوانی چاودێری داراییدا دەبن.
هەروەها وردبینی لە لیستی پێشمەرگەدا دەکرێت و دۆسیەی كەسی بە هەموو پێداویستییە یاساییەكانیەوە بۆ هەر کەسێک دەکرێتەوە کە ناوی لە لیستی پێشمەرگەدا بێت، بەوشێوەیەش لیستی موچەی پێشمەرگە پاکدەکرێتەوە.