پەرلەمانتارێک مەرجی کورد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ ئاشکرا دەکات
دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە تا ئێستا هیچ کەسێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری نەکراوە پەرلەمانتارێکی كوردیش لە بەغدا ڕایکەیاندووە کە: تائێستا هیچ ناوێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق یەكلایی نەبوەتەوەو مەرجی كوردیش بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو تەنها جێبەجێكردنی دەستورە.
محەمەد ئەمین فارس پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا بەماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە”دانوستانەكان بەردەوامن بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ بۆ عیراق، بەڵام تائێستا ناوی هیچ كەسێك وەك كاندید یەكلانەبوەتەوە، بە گوێرەی دەستوریش ماوەكەی دیارە، كە پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا سەرۆك وەزیران دیاری بكرێت”.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی “پۆستی سەرۆك وەزیران لە عیراقدا بوەتە عورفێك لە پێكهاتەی شیعەیە، هەرچەندە ئەمە لە دەستور و یاسادا نەهاتوە، بەڵام پێویستە رەزامەندیی لایەنەكان لەوانەش پێكهاتەی كوردی لەسەربێت”.
سەبارەت بەمەرجەكانی كورد بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوی عیراق، محەمەد ئەمین فارس باسی لەوەكرد، كورد تەنها مەرجی ئەوەیە بۆ هەر كەسێك دەبێتە سەرۆك وەزیران پابەندی دەستوری عیراق بێت، واتە هەر كەسێك بچێتە ئەو پۆستە بۆ كورد كێشە نییە، بەڵام دەبێت بڕگە و مادەكانی دەستور وەك خۆی جێبەجێ بكات، واتە فراكسیۆنە كوردستانیەكان دەنگ بەو سەرۆك وەزیرە دەدەن، كە باوەڕی بەمافە دەستوری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان هەبێت.