یەکێتیی زانایانی ئیسلامی پشتگیریی پرۆژەیاسای چاکسازی حكوومهت دەکات
یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان هەڵوێستی خۆی لە بارەی پرۆژەیاسای چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیاند.
دەقی پەیامەکەی یەکێتیی زانایان:
پەیامی یەکێتی زانایان سەبارەت بە پشتیوانی هەنگاوەکانی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
(وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ) صدق الله العظیم
لە پرسی چاکسازی و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا وێڕای پشتگیری تەواومان بۆ هەنگاوە پراکتیکیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڵمەتی دژی گەندەڵیدا، بە پێویستی دەزانین کە بە سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان رابگەیەنين، کە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام بە هەموو شێوەیەک دژی هەموو جۆرە گەندەڵی و فەسادێکە لە کۆمەڵگادا، لەو پێناوەشدا غەشکردن و فێڵکردن و ساختەکاری و ماڵسپیکردنەوەو چەواشەکردن و بەرتیلدان و موچەی بندیوارو خانەنشينى ناياسايی و دزی و داگیرکاری لە موڵکی گشتی و سیمکردنى مەرعاو موڵکی دەوڵەت و ئیستیغلال(خراپ بەکارهێنان)ی پلەو پایەو پۆست و وەزیفەی قەدەغەو حەرام کردووە.
لەو پێناوە داوا لە دیوانی چاودێری و دەستەى دەستپاكى دەكەين بێ خاترانەو چاوپۆشی کردن لەهیچ کەس و لایەنێک بەکاری پێویست هەڵبستن و گەندەڵی نەهێڵن، ئەرکی حکومەتیشە رێکاری یاسایی بگرێتە بەرو لەهەمان کاتیش ئەرکە لە داهات و پرۆژەو خەرجی و وەبەرهێنان و گرێبەستەکان شەفافتر بێت.
ئەو هەنگاوە ئامانجێکی نیشتمانی و ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەیی گرنگە، بۆیە پشتگیری تەواوی هەنگاوە چاکسازیەکان دەبین و، داواش لە پەرلەمانی کوردستان و دەزگا مەعنی و ئیداریەکان و لايەنە سياسيەكان و تەواوی هاوڵاتیان دەکەین هاوکارو پشتیوان بن.
خوا هاوکاری دڵسۆزانە..
یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
هەولێر- هەرێمی کوردستان
14 ربیعی دووەم 1441كۆچی 12- 12- 2019 زاینی