کۆمەڵێک سزای قورس چاوەڕێی بارسایە لە ئەگەری دواخستنەوەی کلاسیکۆ یان پشێوی نانەوە

جارێکیتر هەڕەشە لە بەڕێوەچوونی کلاسیکۆی ئیسپانیا سەری هەڵداوەتەوە و گرووپی “تسوونامی دیمۆکراسی” کە جووداخوازە توندڕەوەکانی کەتەلۆنیا پێکیان هێناوە، بە لێدوان و هەڵوێستەکانیان ئەنجامجدانی ئەو یارییەیان خستۆتە ژێر مەترسیەوە.

ڕۆژنامەی مۆندۆدیپۆرتیڤۆی ئیسپانی لە بارسێلۆنا، کۆمەڵێک سزای چاوەڕوانکراوی باس کردووە لە باری دواخستنی کلاسیکۆ یان نانەوەی پشێوی چ لە دەرەوە یاخود ناوەوەی یاریگای کامپ نو. کە سزاکان بریتین لە داخستنی یاریگاکە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیاوە بۆ دوو ساڵ. لە باری هاتنە ناوەوەی هاندەران بۆ نێو چیمەنی یاریگاکە، یانە کەتەلۆنییەکە ناچار دەکرێت بە دانی 12 هەزار یۆرۆ بۆ هەر هاندەرێک.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە کە سزاکان جۆراوجۆر دەبن ئەگەر هاتوو یارییەکە بەهۆی پشێویەوە ڕاگیرا، تا ڕادەی بە دۆڕاو هەژمار کردنی بلاوگرانا.

یەکەمین کلاسیکۆی نێوان بارسێلۆنا و ڕیاڵ مەدرید لە 18ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت، کاتێک بە گوێرەی خشتەی چەسپاوی خولی ئیسپانی دەبوو لە 26ی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیریی شەقامی سیاسی هەرێمەکە، بڕیار لەسەر دواخستنی درا.

Back to top button