سەرۆك بارزانی لەگەڵ بەرپرسی دەستەی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی و هەر سێ سكرتاریەتی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان كۆبۆوە
ڕۆژی شەممە 14ـی 12ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسی دەستەی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەر سێ سكرتاریەتی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكان لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و هەروەها ئاماژەی بە تەحەدییاتی بەردەم گەلی كوردستان و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەیانی دا. سەرۆك بارزانی هێمایشی بە ڕۆڵی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا لە پاراستن و بەرگریكردن لە كوردستان و ڕایگەیاند كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا خەڵكی كوردستان پاداشی هەڵوێستەكانی پارتیان دایەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژە و بەرنامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بابەتی چاكسازی لە بوارە جیاجیاكان و، هەروەها ڕێكخستنەوە و باشتركردنی دۆخی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی و بە هەنگاوێكی گرنگی بۆ پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانی لە قەڵەم دا.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گرنگی و بایەخی ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان، جەختی پێشەنگبوونی ڕۆڵی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان لە هەموو گۆڕانكاری و پێشڤەچوونێك كردەوە. سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ داوكاریی لاو و قوتابی و ئافرەتان ڕاگەیاند و داوایشی كرد كە ئەو سێ ڕێكخراوە گرنگە بۆ ئەو پڕەنسیپانە بگەڕێنەوە كە لە پێناویاندا دامەزراون.