بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان گەیشتە ٣ هەزار و ٨٠٠ مێگاوات

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەلێت بەرهەم هێنانی کارەبا پێوەرێکی مێژوویی تێپەڕ کردووەو گەیشتۆتە ٣ هەزار و ٨٠٠ مێگاوات .
ئەندازیار کەماڵ محەممەد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی وەزاریدا ، کێشەو گرفتەکانی بەردەم کارەبای هەرێم و دۆخی چۆنیەتی دابەشکردنی باس کرد و گووتی بە خۆشحاڵیەوە تواندراوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ یەکەم جار لە مێژووی هەرێمدا بگاتە ٣٨٠٠ مێگاوات .
سەبارەت بە پابەند بوونی هاووڵاتیان بە چۆنیەتی سەرف کردن و پێدانی پارەی کارەبای نشتیمانی ڕایگەیاند ، پلان هەیە لە ساڵی تازەوە هەڵمەتێکی بەرفراوان دەست پێبکرێت و هەموو سەرپێچیەکان سزای تایبەتیان بۆ دیاری بکرێت .
لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لە پلانی چۆنیەتی کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی سەرمحاویلەکانی کارەبا کرد وگووتی هاوکات هێڵی گواستنەوەی كارەبای خەبات – زەنگەنان بەدرێژایی 33 كیلۆمەتر و بەتێچوونی 7 ملیۆن و 425 هەزار دۆلار وا گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە 20 بۆ 25ی ئەم مانگە بكەوێتە كار، واتە بەتەواوبوونی ئەم پرۆژەیەی دهۆك بەهاوشێوەی شارەكانی دیكە تەواوی پشكی خۆی لەكارەبا وەردەگرێت