سەرۆکی هەرێم لە ڕۆژی ئاڵا بۆ قوتابیان :دڵنیام لەوەی ئێوە ئەم ئەمانەتە بە باشی هەڵدەگرن و رایدەگرن

 

بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانەی دیاربەکری کچان لە هەولێر بەشداری مەراسیمی رۆژی ئاڵای کوردستانی کرد و بەو بۆنەیەوە وتارێکی پێشکەشکرد.

سەرۆکی هەرێم لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند: ئەم ئاڵایە سیمبولی بەرخودان و خەبات و تێکۆشانی میللەتێکە کە ساڵەهای ساڵە خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانی دەکات.

دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

خۆشحاڵم ئەمڕۆ بە یاوەری وەزیری پەروەردە و پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەرانی ئەم قوتابخانەیە و لەگەڵ ئێوەی خۆشەویست بەشداردەبم لە مەراسیمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان.

خۆشەویستان..

ئەم ئاڵایە سیمبولی بەرخودان و خەبات و تێکۆشانی میللەتێکە کە ساڵەهای ساڵە خەبات دەکات بۆ ئازادی، سەربەخۆیی و یەکسانی و بۆ ئەوەی مافەکانی بەدەستبهێنێت. لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان، کوردستانیان بەیەکەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان خەباتیان کردووە. هەر لە شۆڕشی ئەیلوول و دوای شۆڕشی ئەیلوولیش هەموو پێکەوە خەباتیان کردووە بۆ یەک ئامانج بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان بە تێکڕای پێکهاتەکانیانەوە.

ئەم ئاڵایە ئەمانەتێکی پیرۆزە لەسەر شانی ئێوە کە نەوەی داهاتوون بۆ ئەم وڵاتە و دەبێت بە پەرۆشەوە ئەم ئاڵایە هەڵبگرن و ئەو پەیامەی کە خۆشەویستانی ئێمە پێشتر خەباتیان بۆ کردووە و هەوڵیان بۆ داوە، ئینشائەڵڵا بیگەیێنن بەو شوێنەی کە میللەتی ئێمە ساڵەهای ساڵە خەباتی بۆ کرد و قوربانی بۆدا. ئەم ئەمانەتە لەدەست ئێوەی خۆشەویستدایە، ئێوە نەوەی داهاتوون لەژێر ئەم ئاڵایە دەبێت بە چەکی خۆفێرکردن و بە خوێندن، بەجیدی و بە پەرۆشەوە بەرەو ئایندە بچن. دڵنیام لەوەی ئێوە ئەم ئەمانەتە بە باشی هەڵدەگرن و رایدەگرن. دوای خۆشتان رادەستی نەوەی دوای خۆتان دەکەن.

لەم رۆژە پیرۆزەدا دەمەوێت یادی هەموو ئەو خۆشەویستانە بکەینەوە، یادی ئەو شەهیدانە بکەینەوە کە لەپێناو رزگاری میللەتەکەمان و وڵاتەکەمان خوێنیان بەخشی بۆ ئەوەی ئێمە ئەو رۆژە بە سەربەرزیی ببینین و بتوانین لە وڵاتی خۆمان لە هەولێر و شوێنەکانی دیکەی کوردستان لە سایەی خەبات و بەرخودانی خوێنی ئەو خۆشەویستانە ئێمە بتوانین ئاڵای کوردستان هەڵکەین.

سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو ئەو شەهیدانە دادەنەوێنین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، رێز و خۆشەویستی خۆمان بۆ هەموو ئەو پێشمەرگانەی کە لە کاروانی خەباتی دوور و درێژی ئەم وڵاتە خەباتیان کردووە و ئێستا لە ژیاندا ماون، لێرەوە بەناوی ئێوەوە سڵاویان بۆ دەنێرین.

سڵاو بۆ دایکی شەهیدان دەنێرین و پێیان دەڵێین ئەو ئاڵایە بە ئەماناتەوە هەڵدەگرن، بە ئەمانەتیشەوە کاری بۆ دەکەن. بە خوێندن و بە فێربوون و بە زانست ئەم وڵاتە ئاوەدان دەکەنەوە و بەرەو پێشی دەبەن. خۆشەویستان ئەم رۆژە لە هەمووتان پیرۆزبێت لە گەلی کوردستان پیرۆزبێت و لە ئێوەش پیرۆزبێت.

Back to top button