جڤاتی نیشتمانی چه‌ند مه‌رجێكی هه‌یه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی

خواكوڕك

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 17/12/2016 ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبوونه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێشنیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوویان له‌گه‌ڵ پارتی.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ خواكوڕكی راگه‌یاند، گۆڕان ده‌یه‌وێت مه‌رجی گۆڕینی سه‌رجه‌م سه‌رۆكایه‌تیه‌كان بكاته‌ هۆكاری به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌كان و پێشتریش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، كۆبووه‌ته‌وه‌.

به‌پێی زانیاریه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ماوه‌ی 2 كاتژمێر باس له‌و زیانه‌ ماددیانه‌ كراوه‌ كه‌ به‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌ كه‌وتووه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا و هه‌وڵده‌ده‌ن پارتی ناچار بكه‌ن به‌شێك له‌و زیانانه‌ بۆیان قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌.

پێشتر نه‌وشێروان فسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه‌، تایبه‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی نێوان پارتی و گۆڕان، له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی كه‌ داوای ئاشته‌وایی سیاسی و نیشتمانی له‌ حزبه‌كان ده‌كات، داوا له‌ ئه‌ندامانی جڤات ده‌كات كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ گرنگ وه‌ربگرن.

راسپاردەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەو سەركردانە ئەوە بووە، ئەگەر پارتی جدی بوو لەچارەسەركردنی دۆخی هەرێم، ئەوا ئەوانیش هەنگاوی جدی بنێن بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان.

بڕیاره‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو شاندێكی باڵای پارتی بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ پێکدێت لە عومەری سەید عەلی، عوسمانی حاجی مەحمود، محەمەد تۆفیق ڕەحیم، شۆڕش حاجی و ئیسماعیل نامیق، كۆببێته‌وه‌.

Back to top button