سەرۆکى هەرێمى و باڵیۆزى تازەى نیووزیلاند لە عێراق باس دەرەفەتى کار و وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان دەكەن
ئەمرۆ چوارشەممە” نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى تازەى نیووزیلاند لە عێراق خاتوو ترێدن دۆبسۆن کرد.
سەر لەبەیانی ئەمرۆ 18ی 12ی 2019 لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانى سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە خاتوو ترێدن کرد و هیواى سەرکەوتنى لە کارەکانیدا بۆ خواست، هەروەها هەردوولا خواستى خۆیان بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوانیان لە بوارە جیاکاندا نیشان دا.
خاتوو تریدن سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى داعش و حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران دەربڕى و پوختەیەکیشی دەربارەى ئەرکى وڵاتەکەیان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى دژى داعش خستە ڕوو.
تاوتوێکردنى زەمینە و دەرەفەتى کار و وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان، پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى دواى شەڕى تیرۆر، دۆخى ئاوارە و پەنابەران و چۆنیەتیى گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانى خۆیان، پێشهاتەکانى عێراق و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.