داعش لە مووسڵ بەنیازی چیە
لە ئێستادا رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە سنورەكانی خانەقین تا سنوری مووسڵ لە هەوڵی خۆ بەرێكخستندایە، سەرچاوە میدیایەكانیش باس لەوە دەكەن ئێستا داعش بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، خۆیان بە رێكخستن كردۆتەوە، بەرپرسی لقی 14ی پارتیش دەلێت، لە مووسڵیش داعش لە جموجۆڵدایە”.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی 14ی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، لە سنوری مووسڵ داعش كەوتۆتە جموجۆڵ و خەڵكی ناوچەكەش داوایی گەرانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، هەروەها راشی گەیاندووە”لە مووسڵ داعش جووڵەیان زیادی كردووە و شانە نوستووەكانیشیان خەریكی خۆڕێكخستنەوەن و بە شێوەیەكی نهێنی كاری خۆیان دەكەن، چەند جارێكیش هەڵمەتی پشكنین ئەنجام دراوە و چەندین گومانلێكراو گیراون، كە گومان دەكرێت داعش بن، هەروەها پێش چەند رۆژێك لە ناوچەی سەلامییەش تەقە لە ئەفسەرێك كراوە، بۆیە داعش سەری هەڵداوەتەوە خۆیان رێكدەخەنەوە بۆ ئەوەی كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن”.
هەروەها عەلی خەلیل راشی گەیاندووە” هۆكاری تێكچوونی دۆخەكە و سەرهەڵدانەوەی داعش، بۆ نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و بوونی هێزێكی زۆری میلیشیا دەگەڕێتەوە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە، ئەو هێزانە لە ناوشار دەربكرێن و ئەمنیەت رادەستی پۆلیس بكرێت، باسی لەوەش كرد، لە دەشتی نەینەواش دۆخی ئەمنی خراپە و خەڵكی ئەو ناوچانە بە هەموو پێكهاتەكانەوە، داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە بۆ ئەوەی بیانپارێزێت.