وەزارەتی سامانە سروشتیەكان وەڵامی پەرلەمانتارێكی یەكێتی دەداتەوەو رایدەگەیەنێت نرخی غازی ماڵان جێگیرە بەرز نابێتەوە

 

دوای ئەوەی پەرلەمانتارێكی یەكێتی رایگەیاند بوو كە غازی ماڵان بەرز دەبێتەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئەو لێداونە بێ‌ زانیاریانە رەتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت كە نرخی غاز جێگیرەو بەرز نابێتەوە.

لەو بارەیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێكی بڵاویكردەوە، ساڵانە لە رێگای‌ كۆمپانیای‌ دانا غازەوە و بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی هەرێم، زیادكردنی‌ ئاشكرا دەكرێت بۆ فرۆشتنی‌ غازی‌ ماڵان.

دەشڵێت، بەپێی ئەو رێككەوتنە حكومەتی هەرێم و بە تایبەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، پابەندن بەوەی ئەو بڕە غازەی دیاریكراوە بۆ پێداویستیی هاووڵاتیان، بەو نرخەی كە حكومەت دیاریكردووە بە هاووڵاتیان بفرۆشرێت، ئەوەش جیا لە سەپاندنی چەند مەرجێكی تر بە سەر ئەو كۆمپانیایانەی بەشداری زیادكردنی ئاشكرا دەكەن، كە مەرجەكان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانە.

بۆیە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم هاوڵاتیان دڵنیادەكاتەوە ئەو پڕوپاگەندانەی باس لە زیادكردنی نرخی غاز دەكەن، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەكیان نییە.

Back to top button