بەهۆی تێکچوونی دۆخی عێراق وەبەرهێنەرە بیانییەکان عێراق بەجێ دەهێڵن
بەهۆی خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی ڕابردوو دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق تێکچوو بەجۆرێک کاریگەری گەورەی خستۆتەوە بەسەر وەبەرهێنەرانی بیانی لە عێراق و ئاژانسێکی جیهانیش ئاشکرای دەکات کە وەبەرهێنەرە بیانییەکان ئەو وڵاتە بەجێ دەهێڵن.
ئاژانسی (ئەسۆشێیتد پرێس) لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی گرتنی رێگای کێڵگەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، مەترسی لەسەر گیان و سامانی وبەرهێنەران دروست بووە، بۆیە وەبەرهێنەرە بیانییەکان، بە تایبەت وەبەرهێنەرانی کەرتی وزە، لە عێراق دەکشێنەوە.
ئاژانسەکە راشیگەیاندووە ئەگەر چی خۆپیشاندانەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی نەوت بەڵام بەبەردەوام بوونی ئەگەری هەیە نەوت بووەستێت و کاریگەری لەسەر وەبەرهێنەران دروست بکات بۆیە کشاونەتەوە