سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی کریستانیەکان دەکات

 

بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح و کریسمس،نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی کریستیانەکانی کوردستان و بەگشتی جیهان دەکات و دەڵێت : کوردستان وەک ڕابردوو لانکەی پێکەوە ژیان و تەبایی دەمێنێتەوە

 

پەیامی سەرۆکی هەرێم بۆ جەژنی لە دایکبوونی مەسیح:

 

جەژنى لەدایکبوونى حەزرەتى مەسیح و کریسمس، بە گەرمى لە خوشک و برایانى کریستیان لە هەرێمى کوردستان، عێراق و هەموو ئەوانە پیرۆز دەکەم کە لە هەر شوێنێکى جیهان ئەم جەژنە دەگێڕن، جەژن و پشوویەکى خۆش و ئارامیان بۆ دەخوازم و هیوادارم ئەم جەژنە لەگەڵ خۆیدا خێر و خۆشى و ئارامى و ئاشتەوایى بۆ هەمووان بهێنێت.

 

لەم یادە پیرۆزەدا، دووپاتى دەکەینەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە لانکەى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و تەبایى و ئاشتەوایى بۆ هەموو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە و لەپێناو ئاشتى و ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکەشدا لە هەوڵى بەردەوامدا دەبێت.

 

کریستیانان لە هەرێمى کوردستان خاوەن و پێکهاتەیەکى ڕەسەنى وڵاتن کە هەمیشە پێکەوە لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکەدا بە لێبوردەیى و تەبایى و ئاشتەوایى ژیاون و ڕۆڵیان لە پاراستن و بنیاتنان و پێشخستنى هەرێمى کوردستاندا هەیە. جەژن و یاد و بۆنەکانى ئەوان هى هەموو پێکهاتەکانى کوردستانە و جەژن لە هەمووان پیرۆز بێت.

Back to top button