پەرلەمانتارێكی سوننە: زەنگی دابەشکردنی عێراق لێدرا

 

دوای ئەوەی ئەمشەو پرۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بەبێ فراکسیۆنە کوردستانیەکان تێپەڕێندرا پەرلەمانتارێكی سوننە لەسەر پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێ كە ئەم یاسا نوێیە دەبێتە هۆی دابەشكردنی عێراق.

ئەحمەد جەربا پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای نەینەوا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا: لە تێپەڕاندنی یاساکە خواستی لایەنی شیعە زاڵ بوو بۆیە تێپەڕاندی یاسای
نوێی هەڵبژاردنەكان جێگای ڕەخنەیە.

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی بەبێ گفتوگۆ ماددەی ۱٥ تێپەڕێندرا ئەوانەی دەڵێن بۆ خاتری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەم یاسایە زوو تێپەڕێندراوە، درۆیەكی گەورە دەكەن و ئەم كارەیان بۆ ئەوەیە كە عێراق دابەش بكەن، چونكە مادەی 15 زەنگی دابەشكردنی عێراقی لێدا.

پەرلەمانتارە سوننەكە ئەوەشی گوت كە لە عێراقدا ناكۆكی گەورەی بەڕێوەبردن لە نێوان قەزا و شارەدێیەكاندا هەیە، ئەم مادەی 15یەش بۆ ئەوە داهێندرا كە ئەم ناكۆكیانە بتەقێنێتەوە و وڵاتەكە بەرەو نادیار و دابەشكردن ببات، واتە بە هیچ شێوەیەك هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت.

Back to top button