موسه‌نا ئه‌مین: تێپه‌ڕاندنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بە ناشه‌رعی دەزانین

موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگه‌یاند، فراكسیۆنه‌ كورده‌كان زۆر هه‌وڵیان دا ڕێگری بكه‌ن له‌ ڕێژه‌ی یاسایی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام دواجار یاساكه‌ تێپه‌ڕی، ئه‌مه‌ش كارێكی ناشه‌رعییه‌ و سیستمی سیاسیی عێراق ناشیرین ده‌كات و به‌ره‌و دواوه‌ی ده‌بات، به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه‌ زیانێكی زۆر به‌ر لیسته‌ بچووكه‌كان ده‌گات و هێنده‌ی تر  هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌سه‌پێنرێن به‌سه‌ر میله‌ت و وڵات و به‌شێكی زۆری ده‌نگه‌كان ده‌سووتێن و ئه‌وه‌ش نادیموكراسی و ناعه‌داله‌تییه‌.
ئه‌مین زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌، كورد پێی وایه‌ له‌ ناوچه‌كانی  ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ژماره‌ی ده‌نگ و كورسییه‌كانی زۆر كه‌م ده‌كات به‌هۆی ئه‌و یاسایه‌وه‌، چونكه‌ كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی پارێزگاكاندا توانیویه‌تی ڕێژه‌ی ده‌نگ و كورسیی خۆی بپارێزێت كه‌ كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه‌ له‌ وێناكردنی سیستمی دیموكراسی و گوزارشت بووه‌ له‌ ڕاستیی بوونی كورد له‌و پارێزگایانه‌، به‌ڵام به‌و شێوه‌ی ئێسته‌ كورد له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك خۆی زۆرینه‌ نه‌بێ، ناتوانێ سوود له‌ ده‌نگی بازنه‌كانی تر وه‌ربگرێت.
باسی له‌وه‌ش كرد، تا ئێسته‌ به‌ فه‌رمی هیچ شتێك له‌باره‌ی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق نییه‌ و تا ئه‌و كاته‌یش دێته‌ په‌رله‌مان پێشبینی ناكرێت.
Back to top button