به‌رپرسێكی باڵای یه‌كگرتووه‌ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند و ده‌نوسێت خواتان له‌گه‌ڵ بمێنن به‌ خێر

 

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ ئه‌ندامێكی باڵای یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی خۆی له‌و حزبه‌ راگه‌یاند و ده‌نوسێت خواتان له‌گه‌ڵ بمێنن به‌ خێر

مەولود باوەموراد وەزیری پێشووی گواستنەوەی هەرێم و ئەندامی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان راگه‌ییندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و تێدا دەڵێت ” نایەتە بیرم بۆساتێكیش زۆر و كەم یان گەورە و بچوك یان دیار و شاراوە، هەموو شتێكی ئەو حزبەم لە هەموو قۆناغەكانیدا نەخستبێتە پێش ژیانی خۆم، هەموو بیركردنەوە و توانا و وزەم بۆتەرخان نەكردبێ، هەموو هەم و هۆش و خەمێكی جگە لەوەم هەبووبێ، هیچ شتێك جگە لەوم بە ئامانج كردبێ، بە دیار و پەنهان لە سەنگەری بەرگریكردنیدا نەبووبم.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ باڵایه‌یی یه‌كگرتوو دەشڵێت ” لەگەڵ باوەڕی تەواوم بەوەی كە سیاسی بوون بەهرەیە و سیاسەت كردنیش ئەزمونە، و نوخبەی سیاسی راستەقینەش بەرهەمی گرێدانی هەردووكیانە، من لێرەدا لەسەر پشتی ئەسپی ئەم كاروانە دادەبەزم، لە خوای باڵادەست دەخوازم جێگەم بۆ براو خوشكانی باشتر و بەهیمەتتر و دڵسۆزتر خاڵی كردبێت.”

 

دەقی نامەی دەستلەكاركێشانەوەكە

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێز: مامۆستا صلاح الدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
بەڕێزان: خوشك و برایان ئەندامانی سەركردایەتی
بەڕێزان: ئەندامانی كۆنگرەی ھەشتەم

سڵاوی خوای پەروەردگارتان لێبێت ھیوای سەركەوتن بۆ ئێوەی بەڕێز و سەرجەم خوشك و برایان و كۆنگرەی ھەشتەم دەخوازم
بەڕێزان: ئەگەرچی ماوەییەك لەمەوبەر و لە ڕێگەی پۆستێكم لە یەكێك لە گروپەكانی براو خوشكاندا ئاماژەم بەوە كرد، كە بەندە بڕیارمداوە، لە كۆنگرەی داهاتودا-كۆنگرەی هەشت- خۆم بۆ هیچ پۆستێك نەپاڵێوم، ئێستەش كە لەسەروبەندی ڕۆژانی نزیك لە بەستنی كۆنگرەداین، دەمەوێت بڵێم: گەرخوا قبوڵی بكات (٢٥) ساڵی بەردەوام بێ دابڕان و پچران ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بووم و زیاتر لە (١٧) ساڵیش ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووم، خودای پەروەردگار زانا و ئاگایە بە نیەتی كار و دەرون و دیوی ناوەوەی مرۆڤەكان، بەڵام وەك خۆم نایەتە بیرم بۆساتێكیش زۆر و كەم یان گەورە و بچوك یان دیار و شاراوە، هەموو شتێكی ئەو حزبەم لە هەموو قۆناغەكانیدا نەخستبێتە پێش ژیانی خۆم، هەموو بیركردنەوە و توانا و وزەم بۆتەرخان نەكردبێ، هەموو هەم و هۆش و خەمێكی جگە لەوەم هەبووبێ، هیچ شتێك جگە لەوم بە ئامانج كردبێ، بە دیار و پەنهان لە سەنگەری بەرگریكردنیدا نەبووبم.

یان ڕەخنە و پێشنیار و گلەیەكانم لە سەر حەز و بەرژەوەندیەكی دەرونی یان مادی شەخسی هەڵچنیبێت، ئێستا و تا ئەم وێستگەیە لانیكەم بۆ دەرونی خۆم و خودای خۆم و پرسیاری قەبر و قیامەتم ئەم شتانە بە ویژدانی ئاسودەوە دەنووسم، ئەمە بە مانای خۆبەریكردن لە ھەبوونی هەڵەو پەڵە و نەزانین و كەموكورتی نیە، بەقەدەر ئەوەندەی باس لەو ڕۆحیەت و نیەت و ئیرادەیەیە كە پاڵنەری كار و جوڵەم بوون، باس لە پشت كردنە وێستگەكانی تەماع و وەستانەوەیە بە ڕووی هەزاران دڕك و داڵی شەیتانی بەلاڕێدابردنی كاروانێكی (٤٠) ساڵەی ناو تەوژمی ئیسلامی و (٢٥) ساڵەی ناوسەركردایەتی یەكگرتووە، جێگای ئاماژە و مایەی شانازیمە كە بەدرێژای ئەم تەمەنە، هەرگیز ئەو راستیەم فەرامۆش نەكردوە، كە من تاكێكی ناو گەلێكی مەزڵوم و مافخوراوی ئەم دنیا وێرانەیەم و دەبێت لەم پێگەوە بێ هات و هاوار و جەنجاڵسازی گوێ لەدەنگی ویژدانی خۆم بگرم و هەرچی ئەو پرسە لە كاری من بیخوازێت لە ھەڵوێست و بڕیار بەدەنگیەوە بچم.

لەگەڵ باوەڕی تەواوم بەوەی كە سیاسی بوون بەهرەیە و سیاسەت كردنیش ئەزمونە، و نوخبەی سیاسی راستەقینەش بەرهەمی گرێدانی هەردووكیانە، من لێرەدا لەسەر پشتی ئەسپی ئەم كاروانە دادەبەزم، لە خوای باڵادەست دەخوازم جێگەم بۆ براو خوشكانی باشتر و بەهیمەتتر و دڵسۆزتر خاڵی كردبێت.

خواتان لەگەڵ بمێنن بە خێر
براتان مولود باوەمراد
۲٥/۱۲/۲٠۱۹

Back to top button