سەرۆكوەزیرانی بێ چەک
ڕاپەڕینی شیعە لە دژی شیعەیە، عەرەبی هەژاری شیعە لەدژی دەوڵەمەندی شیعە، بێ دەستەڵات لەدژی دەستەڵاتدار، بێكار لەدژی ئەسحابی كار، هونەرمەند لەدژی ناهونەرمەند، برسی لەدژی تێر، ژن لەدژی پیاوسالاریی، سێكۆلار لەدژی ناسێكۆلار، مەدەنیەت لەدژی تاییفیەت، بێ چەك لەدژی چەكدار و هتد.. خەڵك ماندوو بووە لە قسەی بریقەدار و درودەلەسە و گەندەڵیی حزبە دینییە شیعەگەراكان.
ئەمەی گوترا بەشێكی گرینگی تابلۆكەیە كە پازدە ساڵە قوربانیی دەدات و لە سێ مانگی ڕابردوویش هەزاران كوژراو و برینداری داوە. بەڵام هێزە كاریگەرەكانی ئەم بارودۆخە تەنیا خەڵكی ڕەشوڕووت و بەشمەینەتن؟ ئایا دەستەبەركردنی خەدەمات و دژایەتیی گەندەڵی و بەهێزكردنی كڵێشە مەدەنییەكان و هاووڵاتیبوون كافیە بۆ ئەوەی كۆتایی بەم بارودۆخە بێت؟
چەندین بابەتی سەرەكی هەن كە ڕێگرن لەبەردەم ئەوەی گرژییەكانی عێراق بگەنە ئەنجامێكی ئیجابی و ژیانی خەڵكی عێراق خۆشتر بكەن و بگرە هێندەی تر بارودۆخیان ئاڵۆزتر كردووە و عێراقی خستۆتە ناو تونێلێكی تاریك.
یەكەم: داواكاریی خۆپێشاندەران جگە لە خەدەمات و گەندەڵی داواكاریی سیاسییشی تێدایە و بەرەو گۆڕینی سیستەمی سیاسی و كورتكردنەوەی دەستی حزبە سیاسییەكان هەنگاو دەنێ. بەشێكی داواكارییەكان زۆر ڕادیكالین و هیچ حیسابێك بۆ ئالییەتە دەستوورییەكانیش ناكات و لۆژیكی و واقیعیش نین. باشە لەم دۆخە جەهەننەمییەدا سەرۆك وەزیرانێك كە چەك و پارە و حزب و پێگەی نەبێت و سەربەخۆ بێت چۆنچۆنی دەتوانێ لانیكەم لە ژووری كارەكەیدا دابنیشێت؟ دووەم: ڕێكخستتنی بەعسییەكان و عێراقچی و شیوعی و بزاڤی سەندیكایی و جەماوەریی كە ڕەنگ و بۆنی چەپییان هەیە بەشێكی چالاكی گردبوونەوەكانن. بەشێكی تری ئەم دۆخە جەماوەری سەردرییەكان و خودی موقتەدا سەدرن كە زۆرجار مناوەرەكانیان كۆی پڕۆسەكە دەباتەوە خاڵی سفر.
سێیەم: چەكدارە زیزبووەكانی حەشدی شەعبی كە لە پاش شەڕی داعش لە غەناییم و خێری شەڕی داعش بێبەش بوونە بەشێكی تری ڕەوتی ناڕازیببونن. بە بەر چاوی ئەوان فەرماندەكانیان غەرقی پارە و ناز و نیعمەت و ئیمتیازاتن. ئەوان خوێنیان دا كەچی خەڵكی تر مستەفید بوون.
چوارەم: ئەو هێز و كەسایەتیانەی پازدە ساڵە بەشدارن لە تاڵانكردنی عێراق و ستەمكاری ئێستا هەر هەموویان مەوجودن و هەوڵی ئەوە دەدەن سواری مەوجەكە بن و ڕێڕەوی ڕووداوەكان بگۆڕن.
پێنجەم: دەستی دەرەكی و جموجۆڵی باڵیۆز و سەردار و فەرماندەكانی وڵاتان بەهێزە و كاریگەرییان بەسەر ورد و درشتی عێراق هەیە. لە هەمانكاتدا دژایەتیكردنێكی بێوێنەی ئێران لەناو شەقامی شیعەی عێراقی دروست بووە. سووتاندنی كونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف پەیامێكی زۆر بە مانا بوو بۆ ئێران.
شەشەم: زۆربەی ئەو لایەنانەی حاكمی حەقیقیی عێراقن چەك و پارە و جیۆگرافیایان لەبەر دەستە و زادەی ئەو سیستەمەن و گۆڕینی سیستەمەكە زیانیان لێ دەدات. ئەمانە وا بە ئاسانی كۆڵ نادەن و بەشێكیان بۆ پاراستنی خۆیان لارییان نییە لەوەی ڕووباری خوێن دروست بكەن.
حەفتەم: مەرجەعییەت فاكتەرێكی بەهێزی یەكلاییكردنەوەی ململانێكانی ناوماڵی شیعەكانە. بوونی مەرجەعییەت هەوڵ و دروشمەكان بۆ مەدەنیەت و ڕێزگرتن لە دیموكراسی كاڵ و بێمانا دەكات. لەوەیش بترازێ شیعەكان حەز دەكەن كورد و سووننەیش ملكەجی بڕیارە سیاسییەكانی مەرجەعییەت بن كە ئەوە خۆی لە خۆیدا پارادۆكسە و دەبێت بیانوویەك بۆ لێدان لە چەمكی شەراكەتی پێكهاتەكان.
هەشتەم: لایەنە كوردستانی و سووننەكان بەشێكی گرنگی پڕۆسەی سیاسیی عێراقن، ناكرێ پەراوێز بخرێن. بەڵام هەم كورد هەم سووننە خوازیاری كۆمەڵە شتێكن كە سەرتاپا جیاوازە لە داواكاریی شیعەكان.
هەموو ئەو هێزانەی باس كران كاریگەرن و ناكۆكیی قووڵ لەنێوانیاندا هەیە و لە دنیابینی و ستراتیژدا جیاوازن. ئەگەر هەمووجار فشاری دەرەكی ئەوانی لەدەوری یەك مێز كۆكردبێتەوە بەڵام دواجار هەر هەموویان لە ستراتیژ و دنیابینی و بەرژەوەندیدا كەوتوونەتە بەرانبەر یەك، هەتا سنووری دوژمنایەتی و خوێنڕشتن. حەزی ئەوە هەیە دەوڵەتی مەدەنی و هاووڵاتی دابنرێت بەڵام چی لەگەڵ مەرجەعییەت و سەدر و میلیشیاكان دەكرێت كە ئامانجی سیاسییان شتێكی ترە؟ باسی عێراقی مەركەزی دەكرێ بەڵام چی بە كورد و سووننە دەگوترێ؟ باس لە كەسایەتی سەربەخۆ و تەكنۆكرات دەكرێ كە ببنە حاكم بەڵام ئایا حزبەكان ڕێگە بەم بابەتە دەدەن؟ و دەیان ناكۆكیی وردی یاسایی و سیاسی و ئابووری و دەستووریی تر.
لەم ئاشووبەدا هەرێمی كوردستان توانیویەتی سەقامگیریی خۆی بپارێزێ. ژیانی سیاسیی بەرقەرارە و حكوومەت كاری خۆی دەكات. دۆخی عێراق هەر چۆنێك بێت كاریگەریی بەسەر كوردستانەوە دەبێت. مادام هێشتایش چارەنووسی بەستراوە بە عێراق پێویستە یارمەتیدەری سەقامگیریی عێراق بێت بەڵام دەبێ هەموو نوێنەرانی كوردستان لە عێراق لە هەموو سات و دۆخێكدا یەك بابەتی جەوهەرییان وەبیر بێت، عێراق ببێتە جەهەننەم یان بەهەشت، گەلی كوردستان خاوەنی دۆزێكی مێژوویی و سیاسی و دەستووری و نەتەوەیی و جیۆگرافی لەمێژینەیە كە تەمەنی ئەم دۆزە لە تەمەنی دەوڵەتەكەی عێراق زۆر درێژترە.