هاوپەیمانی بینا: داوای سزادانی بەرهەم ساڵح دەکات
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرهەم ساڵح سەركۆماری عێراق لە پەیامێكدا بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق، رەتی كردبووەوە ئەسعەد عیدانی كاندیدی هاوپەیمانیی شیعەكان راسپێرێ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی كاتی، هاوکات ئاشکرای كردبوو كە گوشاری زۆر و دژیەكی لەسەرە، بۆیە دەست لەكاركێشانەوە دەخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق، لە بەرامبەردا هاوپەیمانی بینا داوای سزادانی بەرهەم سالح دەکەن.
هاوپەیمانیی بینا ئەمشەو دوای کۆبوونەوەیان بە توندی رەخنەی لە بڕیارەكەی سەركۆماری عێراق گرتووە كە هەرسێ كاندیدەكەی ئەم هاوپەیمانییەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتی رەت كردووەتەوە، بۆیە داوای سزادانی بەرهەم ساڵح دەكات.
هاوپەیمانیی بینا لە راگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەکەن کت سەركۆماری عێراق دەستووری وڵاتەكەی پێشێل كردووە، بەوەی سێ جار راسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی كاتی رەت كردووەتەوە.
هەروەها هاوپەیمانییەكە داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كردووە ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لە دژی بەرهەم ساڵح بگرێتەبەر، چونكە دەستووری پێشێل كردووە و سوێندە یاساییەكەی شكاندووە، بۆیە تووشی سەرسوڕمان بوون بە هەڵوێستەكانی سەركۆمار كە سوورە لەسەر پێشێلكردنی دەستوور و رانەسپاردنی كاندیدی كوتلە گەورەكەی پەرلەمان.