هاوپه‌یمانیی بینا: سه‌رۆك كۆمار ده‌ستوور و سوێندخواردنه‌كه‌ی پێشێل كردووه‌

هاوپه‌یمانیی بینا راگه‌یه‌نراوێكی له به‌رامبه‌ر نامه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق بڵاوكرده‌وه‌ و داوای كردووه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌رامبه‌ر سه‌رۆك كۆمار رێكاری یاسایی بگرێته‌ به‌ر.

دوای ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرد و تیایدا ئاماده‌یی خۆی بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ ده‌ربریوه‌ و راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ كاندیدی كوتله‌ی بینا ئه‌سعه‌د عیدانی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار راناسپێرێت، هاوپه‌یمانیی بینا كه‌ خۆی به‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌زانێت، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تیایدا داوای له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كردووه‌ رێكاری یاسایی له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رۆك كۆمار بگرێته‌ به‌ر.

هاوكات هاوپه‌یمانیی بینا، سه‌رۆك كۆماری به‌ پێشێلكردنی ده‌ستوور و به‌فیرۆدانی كات تۆمه‌تبار كردووه‌ و راشیگه‌یاندووه‌ سووربوونی سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر پێشێلكردنی ده‌ستوور و رانه‌سپاردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رسامی كردین، هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌ سه‌رۆك كۆمار ده‌ستوور و سوێندخواردنه‌كه‌ی پێشێل كردووه.

Back to top button