هیومان ڕایتس وۆچ: حشدی شەعبی خەڵكی مەدەنی گولەباران دەكات
خواكوڕك
رێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە راپۆرتێكی دا ئەمرۆ 18ی 12ی 2016 بڵاوی كردەوە، لە راپۆرتەكەدا باس لە پێشەڵكردنی بەردەوامی جەنگ لەلایان حشدی شەعبی دەكات دەلێت لەگوندی شەلالات ئیمام گروپی چەکداری حەشد ئەلجبور کە سەربە حەشدی شەعبییە چوار پیاویان لەو گوندە بە بەرچاوی سوپای عێراقەوە گوللـەباران کردووە بەتۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.
هیومان ڕایتس وۆچ لەراپۆرتەكەدا پشت بە قسەی دانیشتوانی گوندەكە دەبەستێت كە بە رێكخراوەكەیان گوتووە،چەکدارانی گروپەکە خەڵکەکەیان کۆکردووەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردوون و لێیان پرسیون کە کێ داعشە یان پەیوەندی بە داعشەوە هەیە، پاشان پیاوەکانیان لە ژنەکان جیاکردووەتەوە.
هەورەها دانیشتووانی گوندەكە ئەوەشیان بە رێكخراوەكە راگەیاندووە، هێزە عێراقییەکان لە گوندی شەلالات ئیمامدا بوون کاتێک گروپەکە ئەو کارەی کردووە و لەکاتی لەسێدارەدانی ئەو چوار پیاوەشدا سوپای عێراق ڕێگەی لێ نەگرتوون هەورەها رێكخراوەكە هاوسەركەكانی ئەو دوو كەسە دەدوێنێت و لەزاری ئەوان دەگوازێتەوە، كە هاوسەرەکانیان هیچ پەیوەندییەکەیان بە داعشەوە نەبووە و ناشزانن بۆچی لەسێدارەدراون.
لاما فەقێ جێگری بەرپرسی هیومان ڕایتس وۆچ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند “پێویست حکومەتی عێراق ڕوونیبکاتەوە کە میلیشیاکان گڵۆپی سەوزیان بۆ دانەگیرساوە بۆ ئازاردان و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەسەر هەر شتێک کە تۆمەتباریان دەکەن”.
هەروەها داواشی لە سوپای عێراق کرد کە ڕێگری لە گروپە چەکدارییە شیعەکان بکات تاوەکو توندوتیژی بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام نەدەن و پێویستیشە بکەرانی دادگایی بکات.
شایانی باسە پرۆژە یاسای حشدی شەعبی لەلایان پەرلەمانەوە چوە چوارچێوەی هێزێكی یاسای لە عێراق كە تێیدا یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ لەپەرلەمانی عێراق دەنگیان بەو یاسایە دا كە تێیدا حشدی شەعبی لەچوارچێوەی هێزێكی نیشتمانی عێراقی بەیاسا كرد.