ئەمریکا: دەسەڵاتدارانی ئێران سەرکوتکاریان لەدژی گەلەکەیان ئەنجامداوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەسەڵاتدارانی ئێران تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی توندوتیژی و چاودێری بۆ ڕێگریکردن لە یادکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لەخۆپیشاندانەکانی مانگی رابردوی ئێراندا کوژران.

دوای ئەوەی حەسەن روحانی، سەرۆك کۆماری ئێران بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی لە وڵاتەکەیان بەڕێژەی نزیکەی لەسەدا 150% راگەیاند، لە چەندین شاری وەک بەهابەهاو مەشهەد و ئەسفەهان و تاران ز چەند شارێكی دیکەی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچو، بۆ ماوەی دو هەفتە بەردەوامی هەبو، بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژران.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەتویتێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، گەلی ئێران مافی خۆیانە بۆ ئەو 1500 قوربانیە بگرین، کە بەفەرمانی بەپرسانی باڵای ئێران لەکاتی خۆپیششاندانەکانی مانگی رابردو کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئێران لەگەلی ئێران و ئەگەری دوبارە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان دەترسێت، هەر بەوهۆیەشەوە دوبارە پەنایبردوە بۆ توندوتیژی و سەرکوتکاری و پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت.

ئەو وتانەی پۆمپیۆ لەکاتێکدایە پێشتر چەندینجار بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو ژمارانەیان رەتکردوەتەوە کە لەبارەی قوربانیان خۆپیشاندانەکان بڵاودەکرێنەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سێ بەرپرسی ناو وەزارەتی ناوخۆی ئێران کە نەیانویستوە ناویان ئاشکرابکرێت بڵاویکردەوە، “نزیکەی هەزار و 500 کەس لە ماوەی دو هەفتە بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژراون”.

رۆیتەرز ئەوەشی راگەیاندوە، زانیارییەکان لەلایەن سێ کەسایەتیی زۆر نزیک لە خامنەیی و کەسایەتییەکی دیکە لە دەرەوەی بازنەی یەکەمی رابەری ئێران پشتڕاستکراونەتەوە.

Back to top button