سالار مەحموود: لە کۆنگرەی چواره‌م دەرچووم، کەچی ناوەکەمیان لاداوە

یەکێك لە کاندیدانی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەدا، ئاشکرای دەکات کە لەبەرچاوی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و ئەو دەرچووە، کەچی دواتر ناوی نەک لە نێو دەرچوواندا نەبووە، بەڵکوو لە یەدەگی یەکەمیشدا نەبووە.

سالار مەحموود، راوێژکاری بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق کە ئەندامی کۆنگرەی یەکێتی بوو، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، ”من سەرکردایەتیی متمانە وەرگرتووی یەکێتیم، دەنگی راستەقینەی دەرچوونم بەدەست هێناوە“.

ئاماژەشی بەوە داوە کە دوای سێ رۆژ لە گەیاندنی سکاڵاکەی بە هەموو لایەکی یەکێتی و گرتنەبەری ڕێکاری حزبی، وەڵامیان نەبووە، بۆیە نووسینەکەی بڵاو کردووەتەوە.

بە گوتەی سالار مەحموود، لە کۆنگرەدا دەنگی ٣٣٣ ئەندامی کۆنگرەی بەدەست هێناوە، بۆیە ”بە شاهێدیی ئەو هەڤاڵانەی کە چاودێریی پرۆسەکەیان دەکرد، دەزانن دەنگی شایستە و براوەم هێناوە و دەرچووم. بەڵام لێرە و لەوێ لە بازنەی گەرمیان، ناوی ئێستا دەرچووەکان رادەگەیەنرێ و یەدەگی یەکەمیش نیم“.

ئەو کاندیدەی سەرکردایەتیی یەکێتی کە بە نزیکی لە بەرهەم ساڵح ناسراوە، پرسیاری ئەوە دەکات کە ئاخۆ بۆچی تەنیا ئەنجامەکانی مەڵبەندی گەرمیان لە ساتی خۆیدا رانەگەیەنرا؟ بۆ چی ئاکامە بەراییە نافەرمییەکە بە ئەوان نەگوتراوە لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان؟ جەختیشی کردووەتەوە کە دەنگەکان لە بەردەم ئەواندا جیاکراونەتەوە و کاندید هەبووە زیاتر لە ١٠٠ دەنگ کەمتری هێناوە، کەچی ئێستا پێشی خراوە، هەروەک ئەو دەڵێت.

سالار مەحموود تکای کردووە، ”با بەس بێ غەدر لە یەکێتی“ و رای گەیاندووە کە حزبەکەی لە هەر کاتێک زیاتر، پێویستی بە نەزاهەت و ڕاستی و گەنج و خوێنی نوێ و بیر و کاری نوێ هەیە، ”بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارە قورسەی بەشێک کە بەسەر گەورەیی ئەم حزبەدا هێنایان“.

هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئەوا ”لە داهاتوودا هەر جۆرە کاردانەوەیەک هەبێت، ناحەقی و گوناحەکەی لەسەر ئەوانیترە“.

دووپاتیشی کردووەتەوە کە ئەو بە بەرچاوی چەندین کەسەوە دەرچووە، دواتر ”خەریکە ئەنجامەکەی بە شاراوەیی دەگۆڕدرێت“، بۆیە داوای کردووە، دەنگەکانی گەرمیان بە شەفافی بژمێردرێتەوە و ”ئەم غەدرە قەبووڵ نەکرێت“.

ئاشکراشی کردووە کە سکاڵای داواتە لێژنەی باڵای کۆنگرە و دادوەرەکان، نووسینەکەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ بەردەم سەرکردایەتی و کادیرانی یەکێتییە.

جگە لە سالار مەحموود، پێشتر چەندان سەرکردەی دیکەی حزبەکە رایانگەیاند کە لە کۆنگرەدا غەدریان لێکراوە، عوسمان بانیمارانی بە (باسنیوز)ی راگەیاند کە دەرنەچوێندراوە. بەرزان ئەحمەد کوردەش بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد کە بە مەبەست ناوەکەی نەنووسراوە و دواتر ناوەکەی بە کرچ و کاڵی نووسراوە تاوەکوو دەرنەچێت. هەروەها یەکێتییە گەڵاڵییەکان رایانگەیاندووە کە کاندیدێکیان دەرچووە و دواتر ناوەکەی لادراوە. چەندان کەسی دیکەش لە نێو حزبەکەدا بانگەشەی لادانی ناوەکەی دەکات پاش دەرچوونی لە کۆنگرەی حزبەکە.

Back to top button