مواتنی ساڵحی عێراقی
لەدوای بەعس، پەراوێزخستنی كورد و بڵاوكردنەوەی ڕق لەدژی كورد لەناو شەقامی عەرەبیدا لە سەردەمی مالكی دەستی پێكرد و عەبادی گەیاندییە لووتكە. ئێستا جۆرێكی تری دژایەتیكردنی كورد و مافەكانی لە ئارادایە كە مەترسیدارتر و قووڵترە لەوانەی پێشووتر. ڕۆژانە كەشوهەوای خۆپێشاندانەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بارگاوی دەكرێن بە ڕق و كین لە دژی ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان. بەداخەوە لەوەدا ژمارەیەك كەسایەتی و لایەنی كوردیش بەشدارن و بە حیسابی خۆیان كار بۆ لاوازكردنی پارتی لە بەغدا دەكەن و لەڕێگەی پێدانی زانیاری و خوێندنەوەی هەڵە بە چالاكوانە عەرەبەكان یارمەتیی دژایەتیكردنی مافەكانی گەلی كوردستان دەدەن.
بەشێك لە زمانحاڵ و هەڵسووڕاوانی خۆپێشاندەران پێیان وایە كە بوونی هەرێمی كوردستانە وای كردووە سیستەمی سیاسیی عێراق ببێتە سیستەمێكی تاییفی و فیدڕالییەتەكەی عێراق لەسەر بنەمای نەتەوەیە و، ئەمە ڕێگرە لەبەردەم ئەوەی ئینتیمای عێراقیبوون لەناو خەڵكدا بڕسكێت و ڕەگدابكوتێت. ئەوان وای بۆ دەچن ئەگەر كورد مافی ئیستیسنایی نەبێت ئەوە هیچ بیانوویەكیش بۆ لایەنە عێراقییەكان نامێنێ دابەشی مەعەسكەری سووننەبوون و شیعەبوون بن و بەم پێیە عێراق لە سیستەمی تاییفییەت و حوكمی ئەحزابی دینی ڕزگاری دەبێت. لەو دیتە ڕۆمانسییەدا كورد و عەرەب و هەموو لایەك مواتنی ساڵحی عێراقن و بە یاسا، مافی مەدەنی و هاووڵاتیبوونی هەمووان دەپارێزرێت و پێویست بەوە ناكا حزبی كوردی یان شیعی و سووننی هەبێت. لەم خۆشخەیاڵییەدا ژمارەیەك نووسەر و ڕۆشنبیری كوردیش (كە زۆربەیان لە ئەوروپادا دادەنیشن) هاوڕای ئەو تەرزە فكرەن.
ئەم جۆرە بیركردنەوەیە كاتێك ئەهەمییەتی هەیە كە بە درێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراق كورد هیچ زوڵمێكی لێ نەكرابێت بەڵام میللەتێك لە لایەن دەوڵەتەكەیەوە بە درێژایی سەد ساڵ جینۆساید و تەعریب و كیمیاباران كرا بێت چۆنچۆنی لە ڕوویان دێت تازە بە تازە داوا لە كورد بكەن بە هاووڵاتیبوونێكی ڕەق و ڕووتی عێراقی ڕازی بن؟ یانیش بۆ ئەوەی ئەوان لە جەهلی تاییفەگەری ڕزگارییان بێ، كورد لەبەر خاتری ئەوان چاوپۆشی لە دەستكەوت و مافەكانی بكات؟
لەوەیش بترازێ خۆ جیاوازیی نێوان كورد و عەرەب جیاوازیی مەزهەبی یان حزبیی سادە نییە، جیاوازیی نێوان كورد و عەرەب جیاوازییەكی نەژادی و مێژوویی و جیۆگرافی و خاك و خوێن و زمانە و دەوڵەتەكەی عێراقیش لەسەر بنەمای یەكگرتنی ئارزوومەندانە و شەراكەتی دوو نەتەوەی سەرەكیی كورد و عەرەب پێك هاتووە. مافی هاووڵاتیبوون كاتێك ئیعتباری دەبێت كە ڕێز لە تایبەتمەندیی ئەتنیكی و مێژوویی پێكهاتەكانی عێراق بگیرێت.
لە لایەكی ترەوە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بابەتێكی نوێ نییە تازە بە تازە هەندێ هەناسەساردی خۆبەلیبڕاڵزانی عەرەب بیانەوێ بە كەیفی خۆیان قسەی لەسەر بكەن. تەمەنی دۆزی گەلی كوردستان لە تەمەنی دەوڵەتی عێراق و تێكڕای سیستەمەكانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژترە.
ماوەتەوە بڵێین ئەزموونی سەدساڵی ڕابردوو شتێكی تریشی فێر كردووین كە عەرەبە عەلمانییەكانیش لە ئینكاركردنی مافی نەتەوەكان و برەودان بە دیكتاتۆرییەت و تێكشاندنی بەها دیموكراتییەكان لە عەرەبە دیندارەكان سەر و بەژنێك بەرزتر بوونە.