ئەمریکا: هێرشەکەی شەوی رابردوو وەڵامی هەڕەشەکانی ئێران بوو
وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەربارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی رایانگەیاند، وەڵامی هەڕەشەکانی ئێرانیان داوەتەوە.
وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کرد، بەرامبەر سیاسەتەکانی ئێران سیاسەتێکی نوێیان گرتووەتەبەر.
مارک ئێسپەر وەزیری بەرگری رایگەیاند، رێکاری پێویست دەگرنە بەر بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا و هێرشەکانی شەوی رابردووشیان لە عێراق و سوریا سەرکەوتوو بوون.
مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەش باسی لەوە کرد، وەڵامی توندی ئێران دەدەنەوە و هەڕەشەکانیان بۆ سەر گیانی سەرباز و هاوڵاتیانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا قبوڵ ناکەن.
شەوی رابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بۆردومانی پێنج بارەگای حیزبوڵای عێراقی لە سوریا و عێراق کردووە و ئەمڕۆش حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە هێرشەکەدا ٢٥ بەرپرس و چەکدار کوژراون و ٥١ی دیکەش بریندار بوون.