بە حەلەب كردنی سلێمانی

بارزانی عه‌لی حه‌مه‌ 
 
جوگرافیای شەڕ: سلێمانی
عەمەلیات: فەتحی ١١
ئامانج: ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی کورد! (سەربەخۆیی! دەوڵەت! ئابوری بەهێز! سوپای بەهێز!)
کۆدی نهینی: ئەوپەڕی یا زەهرا، یا حسێن، یان شتیکی لەم جۆرە!
شەڕی داعش لە ئێمەی کوردەوە دوورکەوتووەتەوە. تادێت دوورتریش دەکەوێتەوە. بەڵام ناردنی چەک بۆ پێشمەرگە و هاتنی وەفدی عەسکەری ئەمەریکی و ئەوروپی بۆلای پێشمەرگە و ڕاهێنان و پڕ چەککردنی پێشمەرگە و دوواین جاریش هاتنی وەزیری دیفاعی ئەمەریکی بۆ کوردستان، هێشتا بەردەوامە!!!
شەڕێک کە نزیکە ڕوو بدات، حەتمەن لەگەڵ حەشدی شەعبیدایە و لەو شەڕەدا ئەمەریکاش گورزی لێ دەوەشێنێت. یەکەم کاریش هەوڵدانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی وەک هێزێکی یاسایی، تاکو دەریچەی یاسایی هەبێت بۆ لێدانی! بەپێی دەستور و یاساکانی عێراق، سوپای عێراقی(ئەگەر پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم ڕێگەی پێ نەدەن)، بۆی نییە بێتە ناو خاکی کوردستانەوە، بەڵام حەشدی شەعبی دێت و یەکەم قۆناغیش جەلەولا و دوزخورماتوو و کەرکوک و شەنگال دەکاتە ئامانج(گەرچی ئەم شوێنانە لەدیدی ئەوانەوە کوردستان نیە و تەنیا سلێمانی و هەولێر و دهۆک بە کوردستان دەزانن!)، کشانەوەی ئیکسۆن مۆبێل و هەڵبژراردنی سەرۆکی ئەو کۆمپانیایە بۆ وەزیری دەرەوەی کابینەکەی ترامپ و تەقینەوەی ناکۆکییەکانی ناو یەکێتی و هەڕەشەکانی (خەزعەلی/ سرایا السلام) نیشانە بەهێزەکانی ئەو شەڕەن!
ئەو هۆکارانەی کە یارمەتی شەڕەکە دەدەن:
١ـ ئینشقاقی عەسکەری لەناو یەکێتیدا، پاش مردنی مام جەلال!
٢ـ بەردەوامی ناڕەزایەتی خەڵک دژ بە حکومەتی هەرێم !
٣ـ بەستنی ڕێگەی ئێران بۆ گەشتنە سوریا!
٤ـ ڕێکنەکەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت!
٥ـ برسی بوونی زیاتری خەڵک!
لەسەرەتای شەڕی عێراق و ئێرانەوە، هەموو ئەو ئۆپراسیۆنانەی کە ئێران دەیکردە سەر عێراق، ناوی عەمەلیاتی فەجر (هەڵهاتن!) بوو، بەڵام ئەوانەی کە دەیکردە سەر شارەکانی باشوری کوردستان، هەموویان ناویان (فەتح!) بوو. لەهەرهەمووشیاندا، هێندەی هێرش بوون بۆسەر ژێرخانی ئابووری کوردستان، نیو هێندە هێرش نەبوون بۆ سەر پادگان و پایەگا و بازاڕی عەسکەری سەدام!
بەتێکڕای شەڕی ئێران و عێراق، (١٠ عەمەلیاتی فەتح) لە کوردستاندا ئەنجام درا. عەمەلیاتی فەتحی یەک ئەنفال بەرهەم دێنێت و عەمەلیاتی فەجری دەش کیمیابارانی هەڵەبجە و کاول بوونی شارەکەی لێ دەکەوێتەوە و عەمەلیاتەکانی تریش: وێران بوونی گوندەکانی کوردستان!
عەمەلیاتی فەتحی یەک، هێرشکردنە سەر پاڵاوتگەی نەوتی کەرکوک و بە کۆدی نهێنی (یا زینب!).عەمەلیاتی فەتحی دوو لێدان لە سەدی دووکان. عەمەلیاتی فەتحی سێ، لێدان لە خەزانەی نەوت و گومرک و تێرمیناڵی بارکردنی نەوتی زاخۆ، عەمەلیاتی فەتحی چوار: لێدان لە مەراکزە ئابوورییەکانی ڕەواندز و خەلیفان. عەمەلیاتی فەتحی پێنج، چوارتا ماوەت، بەکۆدی نهێنی یا صاحب زەمان! ئامانج (دەسەڵات و وێرانکاری)، عەمەلیاتی فەتحی شەش، دیانا هەولێر، بە کۆدی یا زەهراوە. عەمەلیاتی فەتحی حەوت: لێدانی مەراکزەکانی سەیدسادق بە کۆدی نهێنی یا فاطیمەی زەهرا و ئامانج (وێرانکاری و دەسەڵات).عەمەلیاتی فەتحی هەشت، ناوچەی ئەتروش و بە کۆدی نهێنی: یا رەسول للە. عەمەلیاتی فەتحی نۆ: دیسان سەیدسادق و خورماڵ و ناوچەی هەورامان، بە کۆدی نهێنی: یا رسول للە. عەمەلیاتی فەتحی دە: لێدان لە مەرکەزە ئابوری و عەسکەرییەکانی هەولێر. بە کۆدی نهینی یا ابا عبدللە الحسین.
ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم، عەمەلیاتی فەتحی یانزەیە، کە ئەویش هەر لە کوردستاندا و من دەڵێم لە سلێمانیدا ڕوو دەدات! (مەرج نییە ئێران دەقیقەن وای ناوبنێت، بەڵام درێژکراوەی هەمان عەمەلیاتە!) ئێران وەک سروشتی شەڕەنگێزانەی جەنگیی خۆی، بۆ ڕێگرتن لە پێشڕەوی نەیارەکانی، یەکەم شت کە کاری لەسەر دەکات، لێدانە لە ژێرخانە ئابوورییەکان! 
ڕاستە مووچە نییە و قەیرانە و خەڵکی هەژارە و هەندێکیشیان برسین، بەڵام پێشڕەوییەکانی کورد، بەئاستێکە کە بەپلانی زۆر گەورەی شەیتانی نەبێت، بەری پێ ناگیرێت، بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێرانی، وێرانکاری و کوشتار و خاپورکردن و گرتنەوەیەی حەلەبی ٢٠١٦یان بە فەتحی حەلەب ناوبرد. ساڵی ٦٣٧ی میلادی، شەڕ لەنێوان ئیمپراتۆریای ڕۆمی بێزەنتی و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدین ڕوویدا و حەلەب کەوتەوە دەست لەشکری ئیسلام! لە ٢٠١٦شدا وێرانکردنی حەلەبیان بەلاوە فەتحە!
من هەرگیز سەگت هێندەی گورگ لێ ترسناک ناکەم، مەترسییەکانی گورگیشت لێ ناکەمە مەترسییەکانی پڵنگ، گورگ بەقەد گورگ و سەگ بەقەد سەگ و پڵنگیش بەقەد پڵنگ مەترسیدارە، لانیکەم لای من! ئێران و حەلیفەکانیان، لەجەبهەی سلێمانیدا شەڕ هەڵدەگیرسێنن و هەرلەوێشدا دەشکێن.
بە مردنی مام جەلال، ئینشیقاق لەناو یەکێتیدا ڕوودەدات، باڵێکی لێ دەبێتەوە و دەبێتە هاوپەیمانی پارتی، لەبنەماڵەی مام جەلالیشدا ناسازی لەسەر میراتی تاڵەبانی لەنێوان ماڵباتی تاڵەبانی و ماڵباتی ئیبراهیم ئەحمەد دروست دەبێت، ئێران تەرەفداری ماڵباتی ئیبراهیم ئەحمەد دەکات. 
کورد و بەغداد لەسەر دۆسێی نەوت ڕێکناکەون (ئەسڵەن ناشیانەوێت ڕێک بکەون!)، تا دوو ساڵی تریش قەیرانی ئابووری لەهەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، خەڵکی کوردستان و بەتایبەتیش سلێمانی، زۆرتر لەئێستا لە حکومەتی هەرێم تووڕە دەبن! دوورخستنەوەی پەکەکە لە شەنگال داخستنی دەرگایەکی ترە بەڕووی ئێراندا، گەر کارتی پەکەکە بەڕووی ئێراندا بسوتێت، کارتی حەشدی شەعبی دێتە پێشەوە. ئێ ستراتیژیتەتی شەنگال بۆ خەزعەلی و سرایای ئیسلام لەچیدایە ئەگەردەروازەیەکی گەیشتنی ئێران بە سوریا و لوبنان و بەتایبەتیش حیزبوڵا نەبێت؟! شەنگال کاریگەری هەیە لەسەر ئەمنی قەومی ئیسرائیل، دوورخستنەوەی پەکەکە لەوێ واتە بەستنی ڕێگەی ئێران بۆ گەشتنە سوریا و حیزبووڵا. ئەمەریکا سورە لەسەر دەرکردنی پەکەکە، ئێرانیش سوورە لەسەر جێگیرکردنی حەشدی شەعبی لەوێ. ئەو هێزەی پەکەکە لەوێدا، یەکەیەکی سەر بە حەشدی شەعبییە، مووچە و پێداویستییەکانیان بەفەرمی لەوێ وەردەگرن.
لەجەنگی عێراق ئێراندا، هەموو ئەو عەمەلیاتە عەسکەرییانەی ئێران لەباشووری کوردستاندا، عەمەلیاتی تاکتیکی بوون، بەڵام عەمەلیاتەکانی فەتح ستراتیژی بوون و ئامانج لێدان بوو لە ژێرخانی ئابووری! باشووری کوردستان (گەرچی تۆ قەشمەریت پێی لێ دێت!) لەسەر سکەی بەدەوڵەت بوونە، ئەو هێزەی قەتاری دەوڵەتی کوردی پێ ڕادەگیرێت، دەبێت بەهێزتر بێت لە خێرایی قەتارەکە، سەرەتا لەناوخۆوە ئێرانییەکان نەیاری بۆ دروست دەکەن، برسییەکان هان دەدەن کە لەنێوان (نان و دەوڵەت)دا، نان هەڵبژێرن!
عەمەلیاتی) فەجری چوار و دە و دوو) لە کوردستان بوو، ئەوانی دی هەمووی شارەکانی تری عێراق بوو، عەمەلیاتی فەجری دوو لە پیرانشارەوە دەستی پێ کرد و ناوچەکانی چۆمان و حاجی هۆمەرانی داگیر کرد.لە فەجری چواردا داگیرکردنی پێنجوێن و بەدووایدا وێرانبوونی لێکەوتەوە. لەعەمەلیاتی فەجری ١٠ خورماڵ و بیارە و هەڵەبجە کەوتنە دەست ئێران (ئەڵبەتە حیزبێکی کوردیش!) و بەدووایدا کیمیاباران ڕوو دەدات، هەڵەبجە، سەیدسادق، قەڵادزە، ئیدی ئەو شارانەی دیکەش کە خۆتان دەیزانن، وێران دەبن!
بەڵام لەساڵی ١٩٨٦ەوە، بەتایبەت کە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ یەکێتیدا دەچنە قۆناغێکی بەهێزەوە، سەرجەم ئۆپراسیۆنەکان ناو و کۆد و شێوازیان دەگۆڕێت. لەفەجرەوە دەبنە فەتح. هەر لەعەمەلیاتی فەتحی یەکەوە تاکو فەتحی دە، هەمووی لەکوردستان بوو!
بۆچی شەڕەکە دەگاتە سلێمانی؟؟
ئێران بۆ هێشتنەوەی باڵادەستێتی باڵێکی یەکێتی لە پاش ئینشیقاق، دەستێوەردانی سەربازی دەکات، سەرەتای کارتە بەهێزەکانی ئێران، دروست کردنی مەترسییە لەسەر دۆسێی نەوتی هەرێم،هەوڵ دەدات ئەوەی کە هەرێم نایەوێت بەگفتوگۆ نەوت ڕادەستی بەغداد بکاتەوە، ئەو بە فشاری سەربازی پێی بکات! حەشدی شەعبی بەشێکی دیاری کەرکوکی دەکەوێت دەست، کورد دەخاتە تەنگەبەرێکەوە کە لەبری بەدەستهێنانەوەی کەرکوک، هەوڵی بەدەستهێنانەوەی سلێمانی بدات! شەڕێک کە ئابووری کوردستانی پێ دادەتەپێنرێت، ڕوو دەدات، هەرکەس پێی خۆش بێت ڕوو نەدات، دەبێت یەکگرتوویی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بەلاوە گرنگ بێت و کار بکات بۆئەوەی ئەو حیزبە ئینشیقاقی عەسکەری تیایدا ڕوو نەدات!
Back to top button