پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشیان بۆ دەخوازم. لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی كوردستان بكەم كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا بە ڕووی تەحەددیاتدا وەستاون و سەختی و زەحمەتیی زۆریان بینیوە.
سوپاس بۆ خودای گەورە و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵك، ئێستا هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی بووژانەوە و چاكسازی و سەقامگیری هەنگاو دەنێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نالەبارەی كە لە عێراقدا هەیە ئێمە هەمیشە خوازیاری چارەسەربوونی كێشەكان و ژیانێكی سەربەرزانە بۆ تێكڕای خەڵكی عێراق بووینە و لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار هۆشداریی ئەوەمان داوە كە عێراق بەرەو هەڵدێڕ دەڕوات و جەختمان لەوە كردووەتەوە ئەگەر بنەماكانی حوكمێكی مەدەنی و دەستوور جێبەجێ نەكرێن عێراق تووشی چارەنووسێكی نادیار دەبێت.
ئێستایش بە نیگەرانییەكی زۆرەوە موتابەعەی گرژی و ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەو دواییەی عێراق دەكەین. لەو بڕوایەداین كە نابێ لایەنە عێراقییەكان ڕێگە بدەن وڵاتەكەیان ببێتە گۆڕەپانییەکلاییکردنەوەی گرفت و ململانێ و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی تر. هەروەها بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی داوا ڕەواكانی خۆپێشاندەران و گەڕانەوەی سەقامگیری و ڕاستەڕێبوونی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكەین و لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەك داین و یارمەتیدەری هەر ڕێگەیەك دەبین كە ببێتە هۆی چارەسەربوونی كێشەكان و بەدیهاتنی دادپەروەری و داواكارییەكانی خەڵك. لەگەڵ هەموو ئەوەیشدا هەر هەوڵێك ڕەت دەكەینەوە كە ببێتە هۆی پاشەكشەی دیموكراسی یان ئەوەی ماف و دەستكەوتی پێكهاتەكان و گەلی كوردستان بخاتە ژێر هەڕەشەوە. چونكە هۆكاری سەرەكیی گرفتەكانی عێراق پێشێلكردنی دەستوور و ئیدارەدانی هەڵە و تاكڕۆیی بووە نەك ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پێكهاتەكان.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و كاروباری دامودەزگاكانی هەرێم، پشتگیریی بەرنامە و كاری سەرۆكایەتیی هەرێم و پارلەمان و حكوومەتی هەرێم دەكەین بۆ بەڕێوەبردن و، چەسپاندنی چاكسازیی كە داواكاریی خەڵكی كوردستان و زۆربەی لایەنە سیاسییەكانە. هەروەها جەختیش لە پتەوتركردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی ئەو فەرهەنگە بەرزەی گەلەكەمان دەكەینەوە كە بووەتە هۆی تەبایی و ئاشتی و برایەتی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان و ئەم پێكەوەژیانە وەك گلێنەی چاومان دەپارێزین.
لە كۆتاییدا ئومێدی ئەوە دەخوازم ساڵی تازە ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق و ئاشتیی گشتگیر لە ناوچەكەمان و جیهاندا بێتە دی.
مسعود بارزانی
31ـی 12ـی 2019