ترەمپ روو لە روسیاو پشت لەچین دەكات

خواكوڕك
دوای دەرچوونی كاندیدی كۆماریەكان (دۆناڵد ترەمپ) مژاری پەیوەندی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی دونیا زۆرترین قسەو باسی لەبارەوە دەكرێت بە تایبەت لەگەڵ روسیا‌و چین, لە ئێستادا میدیاكانی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكەن، ترەمپ دەگەڕێتەوە سەرپێشنیازەكەی كیسنجەر كە 44 ساڵ بەر لە ئێستا كراوە, نزیكبوونەوە لە رووسیا و پشتكردنە چین.

یەكێك لە ناودارترین رۆژنامەكانی ئەمریكا ( واشنتن پۆست) بابەتێكی بەناوی “ترەمپ لەسەر بنەماكانی كیسنجەر مامەڵە لەگەڵ رووسیا و چین دەكات” بەڵاوكردۆتەوە, تێیدا باس لەوە دەكات، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە خولی سەرۆكایەتی خۆیی هەنگاوەكانی بەو ئاراستەیەن كە لە مۆسكۆ نزیك ببێتەوە و دژ بە چین كار بكات، ئەوەش پێشنیازێكی چوار دەیە پێش ئێستای هێنری كیسنجەرە.

شایەنی باسە لە راوێژێكی نێوان ریچار نیكسن، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا (1969-1974) لەگەڵ هێنری كیسنجەر، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی بەمەبەستی وەرگرتنی راوێژ سەبارەت بە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ وڵاتی چین، كۆبووەوە. كیسنجەر بە نیكسنی گوتووە “چینەكان هاوشێوەی رووسەكان مەترسیدارن و لەڕووی مێژووییەوە لە رووسەكان مەترسیدارترن”.

هەر ئەو كات كیسنجەر گوتوویەتی “ئەگەر دوای 20 ساڵ سەرۆكی نوێی ئەمریكا وەك ئێوە عاقڵ بێت، ئەوا پشت بە رووسەكان دژ بە چینییەكان دەبەستێت”.

جێی باسە كە پێشوتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا رایگەیاندووە، ئەگەری ئەوە هەیە چاوێك بە سیاسەتەكانی ئەمریكا سەبارەت بە چین بخشێنێتەوە و داواشی كردووە، سیاسەتێكی تووندتر لەوەی ئێستا ئاراستەی چین بكرێت.

یەكەمین تاقیكردنەوەی ئەو سیاسەتە لە چەند رۆژی رابردوو بوو، كاتێك ترەمپ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی تایوان ئەنجامدا. ئەوەش ماوەی چەند دەیەیەكە رووی نەداوە.

Back to top button