ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاوڵاتیەکانی وڵاته‌كه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سەردانی عێراق نەکەن

وەزاەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدایە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کە گەشت بۆ عێراق نەکەن، ئەوەش بەهۆی مەترسی تیرۆر و رفاندن و پێکدادانی چەکداری لە عێراقدا.

ئەمڕۆ پێنج شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “لەئێستادا هەرەشە بۆ سەرجەم بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لە چەندین ناوچەی جیاوازی عێراقدا هەیە”.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدادی پایتەخت بەهۆی ئەو هێرشەی لایەنگرانی حشدی شەعبی بۆ سەر باڵیۆزخانەکەیان ئەنجامیاندا، هەمو کارەکانی باڵیۆزخانەکەیان راگرت.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەموو ئەو رەزامەندیانەشی رەتکردەوە، کە دابووی بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ گەشتکردن بۆ عێراق، داوای لە ئەمریکیەکانی ناو عێراقیش کرد لە باڵیۆزخانەکە نزیك نەبنەوە.

سێ شەممەی رابردوو لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر بنكه‌كانی حزبوڵا له‌ عێراق هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق، نوسینگه‌ی پشكنین و ده‌رگای دووه‌می باڵیۆزخانه‌كه‌یان سوتاند.

 

Back to top button