ئێكسۆن مۆبیل هۆكارێكی تری سەربەخۆ بوونی كوردستان
خواكوڕك
دوای ئەوەی حكومەت بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی دا لە هەرێمی كوردستان, گرێبەستێكی لەگەڵ گەورە كۆمپانیای نەوتی ئەمریكی ئێكسۆن مۆبیل واژوكرد, كە تا ئێستا كاری وەبەرهێنان لە بواری نەوت لە هەرێم ئەنجام دەدات, راوێژكارێكی سەرۆكی پێشووی ئێكسۆن مۆبیل باس لەوە دەكات كە كورد دوای ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ئەواندا ئەنجامیدا بیری لە راگەیاندنی سەربەخۆیی كردەوە.
عەلی ئەلخدێری ڕاوێژكاری (ڕێكس تیلەرسۆن) لە كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبێل لە گفتوكۆیەكی لەگەڵ سایتی زە ئەتڵانتیك دەڵێت:” لە ئەنجامی گرێبەستكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبێل، كوردەكان بیریان لە سەربەخۆبوونی هەرێمەكەیان كردەوە.
ئەخدێری گوتوشیەتی:” ڕۆڵی داهاتووی ڕێكس تیلەرسۆن وەك دیپلۆماتكاری پلەیەكی ئەمریكا بۆ ساڵانی داهاتوودەبێت, هەروەها یەكێك لەو گرێبەستانەی كە زۆر جێگای گفتوگۆیە، گرێبەستە بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان” و لە لایەن دیپلۆماتكارانەوە ئەو گرێبەستە بە هۆكاری سەرەكی دادەنرێت لەبیركردنەوەی كورد لە سەربەخۆیی.
ئەم راوێژكارەی ئێكسۆن مۆبیل دەشلێت:” كە بینیم نوری مالیكی خەریكە دەبێتە دیكتاتۆرێكی توندڕۆی مەزهەبی و لە ئێران نزیك دەبێتەوە و وڵاتەكە دەفەوتێنێت، بینیم هێشتا ئەمریكا پشتی دەگرێت، بۆیە وازم لە كاری حكومەت هێنا و چوومە كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبێل, لەوكات ئێكسۆن مۆبێل خەریكی گرێبەستێك بوو لە باشووری عێراق بە بڕی ٢٥ ملیار دۆلار، قەناعەتم بە ڕێكس هێنا كە كارەكە بگوازێتەوە باكووری عێراق، ئەوەبوو بێ گوێدانە ئەوەی كە گەلێك لایەن و دەوڵەت خۆشحاڵ نەبوون، بەڵام ئێكسۆن مۆبیل گرێبەستی لەگەڵ هەرێمی كوردستان مۆر كرد”.
عەلی خدێری بە پێی زە ئەتڵانتیك لە ٢٠٠٣ تا٢٠١٠ ڕاوێژكاری ژمارەیەك دیپلۆماتكار و باڵیۆزی حكومەتی ئەمریكا بووە و عێراقییە.