به‌ مووشه‌ك هێڕشكرایه‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكای تێدا جێگیركراوه‌

دوای ئه‌وه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئه‌مریكا له‌ رێگای هێڕشێكی ئاسمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران قاسم سوله‌یمانی و جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس له‌ به‌غدا كوشتن، حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ ئه‌مریكا كرد كه‌ تۆله‌ی كوژرانی ئه‌و سه‌ركردانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ كه‌مێك له‌مه‌و بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د مووشه‌ك بارانكرا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراقی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ مووشه‌ك هێڕشكراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ سنوری ئه‌نبار كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكای تێدا جێگیر كراوه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌ زیانه‌كانی ئه‌و هێڕشه‌ی سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ نه‌دراوه‌.

شایه‌نی بیر خستنه‌وه‌یه‌ هێڕشه‌كانی ئه‌مریكا دوای ئه‌وه‌ هاتن كه‌ به‌ مووشه‌ك هێڕشكراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی كه‌ی وه‌ن له‌ سنوری كه‌ركووك، له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌م به‌ فڕۆكه‌ هێڕشی كرده‌ سه‌ر بنكه‌كانی حزبولڵای عێراقی و نزیك په‌نجا چه‌كداری میلیشاكانی كوشت و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆش هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سوله‌یمانی و موهه‌ندیس و زیاتر له‌ 10 پله‌داری سه‌ربازی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران كوژران.

Back to top button