له‌ سلێمانی پرسه‌ی قاسم سوله‌یمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی هه‌ینی فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ریه‌كه‌ له‌ قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیسی كوشت، له‌گه‌ڵ به‌ خاك سپاردنی ته‌رمی هه‌ردوو به‌رپرسه‌كه‌، له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ئێران و خوارو ناوه‌ڕاستی عێراق پرسه‌یان بۆ راگه‌یێندرا، هاوكات له‌ سڵیمانی پرسه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی كات و شوێنی پرسەی قاسم سولەیمانی لە شاری سلێمانی راگەیاند.

مەھدی شوشتەری، سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا رایگه‌یاندووه‌، رێوڕەسمی ماته‌مینی قاسم سولەیمانی له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ به‌رواری 5\1\2020 له‌ كاتژمێر دوو تاكو چواری پاش نیوه‌ڕۆ له‌ بینای سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

پێشتر سوپای پاسداران ئاشكرای كردبوو كە رۆژی سێشەممە له‌ شاری کرمان وه‌ک شوێنی له‌دایکبوونی، ته‌رمی قاسم سولەیمانی، فەرمانداری فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران به‌ خاکده‌سپێردرێت.

Back to top button