ترەمپ ئەو سەرۆكەی لەگەڵ خەیاڵە ئەستەمەكان قسە دەكات

رێكان سەباح

ئەستەمترین رووداو كە بۆ ئێمە و مانان و دونیاش قبوڵكراو نەبوو ” كوشتنی قاسم سولێمانی” بوو ئەم كوشتنە جیهانی شلەقاند، چونكە جۆڕێك لە خەیاڵ بوو كە كەسایەتیەكی وەك قاسم سولێمانی بخرێتە نێو بازنەی مەرگ لەلایان ئەمریكا، بەڵام لە بەیانیەكی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەرگوێچكەی هەموو خەڵكی كەوت، ئەم كوشتنە ئەوەندە ئەستەم بوو كە میدیاكاران نەیاندەزانی چۆن هەواڵەكە بڵاو بكەنەوە، چونكە ئەوەندە لە ئەستەم دەچوو و دەترسان متمانە لەدەست بدەن بە هەواڵێكی لەم شێوەیە، زۆرێك لەوكاتە دا كە چاویان بەم هەواڵە دەكەوت بێ هیچ بیركردنەوەیەك دەزگا و میدیاكانیان بەدرۆ دەخستەوە، واتا ئەو جۆڕە كوشتنە ئەوەندە لە خەڵدا بوو، بەڵام ئەوەی ترەمپ كردی قسەكردن بوو لە گەڵ جۆڕێك لە خەیاڵ و واقیعێكی نوێی لەم رووداوەدا سەپاند، بەڵام ئیستا دەبێت بپرسین ئایا بەراستی ترەمپ ئەو سەركردەیە كە دەتوانێت خەیاڵی كوردان بهێنێتە دی.

 

رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست لە راپۆرتێكدا، باس لە سەرۆكی ئەمریكا دەكات و دەلێت” ترەمپ ئەو جۆڕە سەركردە نیە كە لەناو سندووقە كۆنەكاندا سیاسەت بكات و دەنووسێـت باوەڕم وایە سەرۆک ترەمپ پلانی هەیە دان بە دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ بنێت. میدیا نادادگەرانە هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەهۆی بڕیاری رێگەدان بە تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر سوریا کە کورد دەستی بەسەردا گرتووە رێگریەكی پێشوەقتەی كرد لە ئەگەری داننان بەسەر بەخۆی كوردستان، ئەم راپۆرتە لە 2019-10-26 بڵاو كرایەوە، لەوكاتەدا زۆرێك لەو خەڵكانەی كە ئەم راپۆرتەیان خوێندەوە، گاڵتەیان بە رۆژنامەكە و راپۆرتەكەی جیرۆزالیم پۆست دەكرد، چونكە ئەم راپۆرتە لەكاتێكدا بڵاو كرایەوە، كە دۆناڵد ترەمپ بەتەواوی لەبارەی ئۆپراسیۆنی كانی ئاشتی بۆ سەر هێزەكانی پەیەدە بێدەنگ ببوو، لەوكاتەدا نەفرەتی زۆر بۆ ئەمریكا و ترەمپ هەبوو، بەڵام لە ئێستادا كە دەبینرێت ترەمپ قسە لەگەڵ شتە خەیاڵاویەكان دەكات، ئەمەڵی هیواخوازەكان بەتایبەتی كوردەكان، زیاتر دەبێت بەوەی لە رۆژێكدا چاو لە خەوەكەیدا بكاتەوە، ترەمپ لە بڕیارێكی دا دان بە تەواوی ئەو ناوچانە دابنێت كە ریفراندۆمی باشوری كوردستانی تێدا ئەنجام دراوە وەك دەوڵەت، ئەستەمیەتی ئەم خەیاڵە لە ئەستەمیەتی كوشتنی قاسم سولێمانی بەو رەهایە بۆ ئەمریكا و دۆناڵد ترەمپ ئێستا شتێكی ترە و قۆناغێكی ترە، واتا ئێستا زۆر ئاسان تر دەتوانرێت باوەر بەوە بكەین كە ئەوە بۆ ترەمپ ئاسانە و چاوەروانی وەها شتێكی لە كۆشكی سپی بە بوونی ترەمپ دەكرێت”.

ئایا ئێستاش پێتان وایە ترەمپ گەمژەكەیە

لە 2019-11-18 وتارێكم لە ژێر ناونیشانی (ئایا ترەمپ سیخورێكی رووسیە، یان گەمژەیەكی سیاسیە) نووسی لەم وتارەمدا كە گرینترین دەستەواژەی هێرشی میدیاكانی سەر ترەمپم بەكار هێنابوو كە زۆرترین دەستەواژە كە بە ترەمپ دەگوتر مانشێتی وتارەكەم بوو، لەوێدا باسم لەوە كردبوو، روانگەی ترەمپ بۆ ناوەخۆی ئەمریكا تێپەراندنی نوخبەی دووبارەكانی سیاسیی ئەمریكایە، چونكە پرسیارێك لە ئەمریكا دا دروست ببوو، كە وەڵامیان دەست نەدەكەوت لەلایان ئەو سیاسیە كۆنانەی، لەناو ناوەندەكانی ئەمریكادا بۆ سەركردایەتی ئەو وڵاتە ئاراستە دەكران، بۆیە بازرگانێكی سەركێش لەناو ناخی ئەم كۆمەڵگەیە، وەك وەڵام بەدەستێك هەموو سیاسیەكانی تێپەراندوو گەیشتە كۆشكی سپی، هەموو كردار و لێدوانەكانی ترەمپ بە بێ متمانەی ناوی دەركردبوو، بەڵام پاش رووداوی كوشتنی قاسم سولێمانی ئێستا جۆڕێكی تر سەیری ترەمپ دەكرێت، كە دەسەلمێنرێت لەوەی ترەمپ سیاسیەكی بەجورئەت و رووتە لە دبلۆماسیەتدا، زۆر بە راشكاوانە باس لە خەیاڵەكانی دەكات و دەیكات بە كردار”.

قاسم سولێمانی و رووداوی كوشتنی

دابەش بوونێكی روون لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق لەسەر تەرەفداری لە بابەتی كوشتنی قاسم سولەیمانی دا دروست بوو. عێراقی شیعە بەتەواوی بەدەنگدانی دەركردنی ئەمریكا لە عێراق، سەنگەری ئێرانی هەڵبژارد، پێشەڵی دەستووری كرد لە بریارێكی وەها چارەنووس سازدا كە دەبێت بەپێی دەستوو بە تەوافق پێكهاتەكان دەرچێت ئەم بریارە، بەڵام بەهۆی تاكرەوی شیعە و حەزی تۆڵەكردنەوە لەمەر رووداوی كوشتنی ( قاسم سولێمانی و ئەبومهدی مهندیس) بەبێ كورد و سونە ئەو هەنگاوە تاكرەویەی نا، كورد و سوونە لەبەر هەستیاری بارودۆخەكە چاو لەو پێشەڵكاریە  دەپۆشن و شیعەش لە عێراق بەرپرسە لەوەی لەداهاتوودا ئەنجامەكە چی دەبێت”.

سەرنج لەسەر رووداوی قاسم سولێمانی و پێشهاتە نوێیەكەی رۆژهەڵاتی ناوەراست زیاتر بوونە و ئێران تا ئێستا لەسنوری میدیا و لێدواندا هەنگاوێكی تری نەناوە، ئەمریكاش بە پێی جموجۆڵەكانی چاوەروانی كاردانەوەی ئێرانە، هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا لە حاڵەتی ئامادە باشی دان، كۆی ئەم دیمەنانە ناوەندەكانی توێژینەوەی جیهانی گەیاندۆتە ئەو باوەرە كە جەنگێك چاوەروانی ناوچەكەیە، هەڵوێستی وڵاتان لەمەر كوشتنی قاسم سولێمانی جۆڕێك لەدڵخۆشی بوو بۆ ئەمریكا، رووسیا تەنها شرۆڤەی كرد، چین ئامۆژكاری كرد، فەرەنسا كە ئێستا وەك نوێنەری یەكێتی ئەوروپا دەردەكەوێت، جۆڕێك لە داواكاریی ئاشتی خستە روو، ئەڵمانیا و بەریتانیا جۆڕێك لە پشگیریان لە ئەمریكا كرد، توركیا لەچوارچێوەی چیم دەستدەكەوێت لێدوانی لەو بارەیە دا، ئەوەی كە تەنها بۆ ئێران مایەوە، گروپە تووندئاژۆكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەكە بوون، قەتەر لە چوارچێوەی تۆڵە هەنگاوی نا.

 

ترەمپ و سەربەخۆیی كوردستان

كەركووك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سنوری ریفراندۆم، خەریكە بەتەواوی پاك دەبێتەوە لە میلیشیاكانی حشدی شەعبی، لەم ئاڵو گۆڕچێیەدا ئەگەری دروستبوونی بۆشایەكی ئەمنی هەیە كە لە خواستی چاوەروانی داعشە بۆ دووبارەی هەمان سیناریۆ 2014 مووسڵ، بەڵام دۆخەكە لەوە دا نیە، كە لە ئێستادا قسەی لەسەر داعش و مەترسیەكانی داعش دەسەڵاتدارانی بەغدا بهەژێنێت، ئەوەی كە دەسەڵاتدارانی شیعەی تووشی شۆك كردووە، رووداوی كوشتنی ئەبومهدی مهندیش و قاسم سولێمانی بوو، بەشێوەیەك كە بێ هیچ بیركردنەوەیەك كاردانەوەی دەركردنی هێزی بیانی لەناو خاكی عێراق دەركەوت، بەشێوەیەك لەوە تێدەگەیت كە عێراق بێ هیچ دیراسەیەك لە سەڵامەتی خەڵكی عێراق و دژواری دۆخی ئەمنی و بۆشایەكانی جموجۆڵی داعش ئەم بریارەی داوە، ئەم كاردانەوەیە عێراق لە پەرلەمانی عێراقی هەرەشەی ترەمپی بەدوای خۆیدا هێنا، لە ئابلوقە خستنە سەر عێراق، ئەمەش نەك عێراق دەهەژێنێت، بەڵكو بەتەواوی كۆتایی پێ دێنێت، ئا لەو كاتەدا دەنگێك لە ئەمریكا بەرز دەبێتەوە، كە باشترین چارەسەر دانانە بە ریفراندۆمە هەڵپەسێردراوەكەی هەرێمی كوردستان، بەڵام سەركردایەتی كورد زۆر حەكیمانە مامەڵەی لەگەڵ هاوسەنگی دۆخەكە دەكات، نابێتە بەشێك لە فشار و گەمەی سیاسی ئەو دوو وڵاتە، بەشێوەیەك زۆر هەستیارە لە هەنگاونانی، چونكە نایەوێت لەو دۆخە شلەقاوەی عێراق كە زیاتر لە 10 ساڵە هۆشداری دەدات لەوەی عێراق بەرەو ئەو هەڵدێرە دەچێت، كەس گوێی لێناگرێت، ببێتە تەرەف و پەرێزی كەس پاكبكاتەوە”.

 

 

تەواوی جیهان بە ئێرانیشەوە لەسەر ئەوە كۆكە رۆژهەڵاتی ناوەراستی بێ قاسم سولێمانی رۆژهەڵاتێكی تر دەبێت، بەڵام تا ئەم چركە ساتە تەنها لە بەیاننامە و هەڵمەتی میدیایی دا ماوەتەوە، جارێ دیار نیە، ئەم شەرە چاوەروانكراوە روودەدات یان نا، ئەمریكا هەرەشەی یەك كاردانەوەی ئێران بە هەدەفگرتنی 52 شوێنی گرینگی ئێران كرد، ئێران لە رێبەری خامەنەیەوە  بگرە تا بچووكترین بەرپرسی لێدوانی تۆڵە سەندنەوە دەكەن، بەڵام كۆی ئەو هەرەشە و گۆرەشانەی ئەمریكا و ئێران لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق بەرێوە دەچێت، ئامانجەكانیش یەكڵاكردنەوەی كۆی رۆژهەڵاتی ناوەراستە لەنێوان ئێران و ئەمریكا، بەڵام تا ئەم چركە ساتە هەموو هێزەكانی ناوچەكە، لە چوارچێوەی بێدەنگی و هاوسەنگی مامەڵە كردن ئەم هەنگاوەی ئێرانیان بۆ تۆڵە سەندنەوە لە ئەمریكا شكەست پێ هێناوە، كۆی هەنگاوەكان لە ئێستادا هەستیارن، ئێران خۆی خەریكی ناشیتنی تەرمەی قاسم سلێمانی كردووە، لە چەند رۆژی رابردوو چەندین پەیوەندی تەڵەفۆنی بەرێوە چوونە، ئەڵمانیا و فەرنسا و بەشێك لە وڵاتانی تر ئامادەی خۆیان بۆ پاشەكشە كردن لە عێراق دەربریوە، ئەمریكا هەڵوێستەكەی ئاڵۆزە و ئەگەر چی لەدواین لێدوانی دا گوتی ناكشێنەوە لە عێراق،  بەڵام كشانەوە ئەمریكا لەبەرامبەر كوشتنی قاسم سولێمانی كۆتایی بە بوونی ئەمریكا دەهێنێت، لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆیە ئەم بریارە جۆڕێكە لە ئەستەم، كەوایە هەموو ئاماژەكان دەچنە قۆناغی دوای سلێمانی بە دوو ئاراستە دەبێت، یەكەمیان جەنگێكی خوێناوی و دووەم رۆژهەڵاتێكی بێ قاسم سولێمانی”.

 

Back to top button