وەزیری بەرگریی ئەمریکا: بەهیچ شێوەیەك پلانمان نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق
مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، هیچ پلانێکیان بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق نییە و دەڵێت، لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو نامەیە دەکەن کە بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراقی ناردووە.
مارک ئیسپەر دەشڵێت، نامەکە ورد نییە و هیچ بڕیارێک بۆ کشانەوە لە عێراق نەدراوە.
بەپێی نامەکە سوپای ئەمریکا وەزارەتی بەرگریی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە دەست بە ئامادەکاری دەکەن بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق.
لە نامەکەی سوپای ئەمریکادا هاتووە کە، ئاماژە بە سەروەری کۆماری عێراق، هەروەها لەسەر داواکاری پەرلەمانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزەکانی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش دەست بە جێگۆڕکێی هێزەکان دەکەن لە ماوەی چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوو… بۆئەوەی ئەم کارەش ئەنجام بدەین، هێزەکانی هاوپەیمانی پێویستیان بەوەیە کە چەند هەنگاوێک بگرنەبەر تاوەکو دڵنیابن کە کشانەوە لە عێراق بە شێوەیەکی پارێزراو و باش بەڕێوەدەچێت.
نامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو ماوەدا هاتووچۆی هێلیکۆپتەر بۆ ناوچەی سەوز لە بەغدا زیاددەکات، ئەمەش بۆ راییکردنی کشانەوەی هێزەکانە لە ناوچەی سەوز.