ڤیدیۆ: دوای 8 ساڵ ئیبرا لە دەرگای سانسیرۆ دەداتەوە

دوای هەشت ساڵ لە ماڵئاواییکردن لە یانەکە و هاندەرانی، جارێکی دیکە زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە تەمەنی 38 ساڵیدا لە دەرگای یاریگەی سانسیرۆیەوە گەڕایەوە یانەی میلان و سێریا ئەی، ئەمڕۆش هاندەرانی رۆسۆنێری چاوەڕێی بینینەوەی ئەو یاریزانەن بە درێسی یانەکەیانەوە.

میلان ئەم وەرزە بە رەوشێکی خراپدا تێدەپەڕێت و ئێستا لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی خولەکەدایە، گەڕانەوەی ئیبراهیمۆڤیچ ورەیەکی زیاتری داوەتە یانەکە و کارگێری و هاندەرانیش چاویان لەوەیە، بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە میلان ئەنجامەکانی بەرەو باشی بڕوات و لە ریزبەندەکەشدا زیاتر سەربکەوێت، سوڵتان ئیبراهیمۆڤیچیش لەکاتی گەڕانەوەی بۆ یانەکە گوتی، هاتووم بۆ ئەوەی خۆشی بگەڕێنمەوە سانسیرۆ، کە پێشتریش ئەوەم کردووە.

ئیبرا ئەگەرچی لەرووی جەستییەوە رەنگە بەتەواوی بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەنەبێت، بەڵام ئەو سوورە لەسەر یارییکردن و دەیەوێت بەرامبەر سامپدۆریا جارێکی دیکە درێسی سوور و رەشی میلان بپۆشێت، لەو یارییەدا کە کاژێر 17:00 بەڕێوەدەچێت.

ئەستێرە سوێدییەکە پێشتر دوو وەرز لە ریزەکانی میلان یارییکردووە کاتێک لە 2010 تاوەکو 2012 لە یانە ئیتالییەکە دەرکەوت، لە 85 یاریدا 56 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکرد، بە گەڕانەوەشی بۆ میلان دەبێتە جاری چوارەم لە خولی ئیتالیا یاری بکات، کە پێشتر لە ریزەکانی یوڤێنتوس و ئینتەرمیلانیش یارییکردووە.

گرێبەستی ئیبراهیمۆڤیچ لەگەڵ میلان بۆ شەش مانگە و ئەو یاریزانە بە قژە درێژ و گۆڵە سەرنجڕاکێشەکانی دەیەوێت یارمەتی میلان بدات و دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەشی لە ئەگەری رێککەوتنی هەردوولا دەتوانن گرێبەستەکە بۆ وەرزێکی دیکە درێژبکەنەوە.

Back to top button