خۆپیشاندەرانی ناسریە رێگە نادەن تەرمی ئەبو مەهدی موهەندیس بچێتە شارەكەیانەوە
بە پێی هەواڵێكی كەناڵی ئەلحەدەس خۆپیشاندەرانی شاری ناسرییە رێگریان كردووە تەرمی ئەبو مەهدی موهەندیس كە ئەمڕۆ لە ئێرانەوە هێنرایەوە عیراق ببرێتە ناوەڕاستی شارەكەیانەوە.
خۆپیشاندەرانی عیراق كە دژی دەسەڵاتی عیراق ماوەی زیاتر لە سێ مانگە خۆپیشاندان دەكەن، بە پێی ئەو سەرچاوە باسی لەوە كرد نەیانهێشت تەرمی ئەبو مەهدی موهەندیس بە شارەكەیاندا بگێڕدرێت و شیوەنی بۆ بكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی تەرمەكەی لە شەممەوە بە چەند شارێكی عیراق و ئێراندا گێڕدراوە.
ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی بوو، هەینی رابردوو لە هێرشێكی ئاسمامی فڕۆكە ئەمرییكیەكاندا لەگەڵ قاسم سلێمانی سەرۆكی فەیلەقی قودسی ئێران لە بەغدا كوژران.
بە پێی دروشمی خۆپیشاندەران، ئەوان بڕوایان وایە ئێران هۆكاری هەژاری و بێكاریە لە عیراق و ئەوانیش تۆمەتبار دەكەن بە كوشتنی خۆپیشاندەران لە عیراق، حەشدی شەعبیش بە جێبەجێ كردنی پلانەكانی ئێران دادەنێن، بەو هۆیەوە بوو لە نەجەف دوو جار كوسنوڵخانەی ئێرانیان سوتاند.