ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا: دروست نییه‌ كه‌سێك له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ به‌كرێ بگیرێت بۆئه‌وه‌ی له‌جیاتی ئه‌و ده‌وامبكات به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌

 

لە رابردوودا زۆرێک لە فەرمانبەران لە بری خۆیان کەسێکیان بەکرێ دەگرت تا لە جێگای ئەو دەوام بکات، ئەمڕۆ ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند ئەوکارە به‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌رع و یاسا به‌ركاره‌كانە و قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات.

ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە فەتوایەک به‌ ژماره‌ 17 که‌ 07-01-2020دا ده‌رچووه‌ و تێیدا هاتووه‌، دروست نییه‌ كه‌سێك له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ به‌كرێ بگیرێت بۆئه‌وه‌ی له‌جیاتی ئه‌و ده‌وامبكات به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌.

هەروەها ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رونیشیكردۆته‌وه‌، ئه‌و كاره‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی خواردنی ماڵی ده‌وڵه‌ت بێ راپه‌ڕاندنی هیچ كارێك و بێ به‌رامبه‌ر. خوای گه‌وره‌ش رێگریی له‌و بابه‌ته‌ كردووه‌.

ئەنجومەنەکە باسی له‌وه‌شكردووه‌،  ئه‌م كاره‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا به‌ركاره‌كانه‌، پابه‌ندبوونیش به‌و یاسایانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ شه‌رعییه‌كان پێچه‌وانه‌ نین و قازانجی گشتییان تێدایه‌، واجبه‌.

ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا له‌ یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌، له‌وه‌ی كه‌ به‌كرێگرتنی كه‌سێك له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌جیاتی ئه‌و ده‌وام بكات، ده‌رگه‌یه‌كه‌ بۆ گه‌نده‌ڵی و دامه‌زراندنی كه‌سانێكی ناشایسته‌ و مشه‌خۆر كه‌ ئه‌و كارانه‌یان پێناكرێت بۆی دامه‌زراون و خه‌ڵكی شایسته‌ش له‌كاركردن له‌ كه‌رتی گشتیدا بێبه‌شده‌بێت.

Back to top button