وردەكاری پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان مەسرور بارزانی و ئەندرو مۆریسن وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا
مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكی دا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووك رایەگەیاند” ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/1/8 پەیوەندیەكی تەلەفۆنی ئەنجامداوە لەگەڵ ئەندرو مۆریسن وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکوور “.
هەر لە راگەیاندراوەكەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی راشی گەیاندوو” لە پەیوەندی تەلەفۆنیەكەدا “ئاماژەمان بەوەدا کە حکومەتی ھەرێم لە ھەوڵەکانی بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوام دەبێت، جەختیشمان لە گرنگیی بەردەوامبوونی ھاوکاری و پاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
هەروەها راشی گەیاندووە” لە پەیوەندی تەلەفۆنیەكەدا دووپاتمان کردەوە کە سەقامگیریی و گەشەسەندنی ھەرێمی کوردستان، لە قازانجی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە و جەختمان لە پاراستنی مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستانیش کردەوە.
لە كۆتایی دا وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەراست و ئەفریقای باکوور ، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە سەقامگیریی و سەروەریی عێراق دووپاتکردەوە وەك لە راگەیاندراوەكەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە”