ئێران: لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێك لە مازندەران 43 كەس بوونە قوربانی
پاسێك لە پارێزگای مازندەرانی باكوری ئێران وەرگەڕا و لە ئەنجامدا 19 كەس گیانیان لەدەستدا و 24 كەسی دیكەش برینداربوون.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئێران، ئیرنا لە زاری زەكەریا ئیشكپور وتەبێژی دەزگای فریاگوزاری لە مازندەران بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ پاسێك كە لە تارانەوە لە رێگادا بووە بۆ شاری كنبدكاوس لە پارێزگای گوڵستان، لە باكوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە، لە ناوچەی سەواد كوە لە سنوری پارێزگای مازندەران وەرگەڕاوە.
زەكەریا ئیشكپور ئاشكرایكردوە، لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا لانی كەم 19 كەس گیانیان لەدەستداوە كە لە 9 ژن و 9 پیاو و منداڵێك لە ناو سكی دایكی پێكهاتوون.
ئاماژەی بەوەشكردوە، هەر لەو رووداوەدا 24 كەسی دیكەش برینداربوون، كە لە 16 پیاو و 8 ژن پێكهاتوون.