ئایا راستە ئەگەر قاسم سلێمانی نەبوایە ھەولێر دەکەوت! وەڵامێك بۆ ڕوحانی

چاودێرێک
 
چەندین جارە و ماوەی چەند ساڵێکە بە بەردەوامی، بەبۆنە و بێبۆنە ئەو رستەیە لەسەر زاری چەندین بەرپرسی ئێرانی “ئەگەر قاسم سلێمانی نەبوایە ھەولێر دەکەوت” دەگوترێتەوە، بابەتەکە وەک بابەتی کراسەکەی عوسمانی لێھاتووە، دواجاریش دوو رۆژ پێش ئێستا ئەم بابەتە جارێکی تر لەسەر زاری (حسن روحانی) سەرۆک کۆماری ئێران باسکرایەوە و گوترایەوە و دیسان وەك منەت فرۆشتییەوە.
 
ئەوە لە حاڵكدایە كە راستی بابەتی ھاوکاریی قاسم سلێمانی بۆ ھەولێر بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
لە یەك دوو ڕۆژی سەرەتای ھێرشەکانی داعش بۆسەر ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم و نزیكبوونەوەی داعش بۆ هەولێر قاسم سلێمانی پەیوەندی بە سەرۆک بارزانیەوە دەکات، لە پەیوەندیەکەدا پرسیاری وەزعەكە دەكات باس لە بەردەوامی ھێرشەکانی داعش دەکرێت بۆسەر ھەرێم، لەگفتوگۆکەدا قاسم سلێمانی پرسیار دەكا كە هەرێم چی پێویستە با هاوكاری بكەین، سەرۆك بارزانی باسی کەمی تەقەمەنی پێشمەرگە دەکات (بۆ ماوەی دوازدە ساڵ بوو پێشمەرگە لەژێر ئابڵۆقەی بەغدا بوو و چەك و تەقەمەنیی پێ نەدرابوو) بۆیە دواتر قاسم سلێمانی بە دوو فڕۆکە بڕێک گوللە ئارپێچی و گوللەی دۆشکە وەک ھاوکاری بۆ پێشمەرگە دەنێرێت و لەبەر ئەوە سەرۆك سوپاسی قاسم سلێمانی كرد و چەندینجاریش ئەو سوپاسەی دووبارە كردۆتەوە. بەڵێ ئەو ھاوکاریە بۆ ئەوکات گرنگ بوو و لەکاتێکی پێویست دابوو، ئەوکات و چەندین جاری تریش بە فەڕمی سوپاسی ئەو ھاوکاریە کراوە، بەڵام ئەوەندە گوتنەوەی ئەو بابەتە خۆی لەخۆیدا کەم کردنەوەی بایەخی ھاوکاریەکەیە لەلایەن خۆیانەوە. ڕاستە گوللە ئارپێچی و دۆشكەی نارد بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی هەولێری پاراست پێشمەرگە بوو و ئەو بەرخودانەی پێشمەرگەیش بوو بە هۆی پاراستنی هەموو جیهان. پێشمەرگە هەمیشە كوردستانی پاراستووە هەولێری پاراست چ كاتی داعش چ كاتی شازدەی ئۆكتۆبەر و لەمەودوایش پێشمەرگەیە كوردستان دەپارێزێ نەك كەسی تر.
Back to top button