گوتەبێژی وەزارەتی دارایی وادەی دابەشکردنی مووچەی ئاشکرا کرد

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وادەی دەست پێکردنی دابەشکردنی مووچەی ئاشکرا کرد و ڕوونکردنەوەی لەبارەی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە دا.

ئەحمەد عەبدولڕەحمان، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەهۆی هەندێ‌ بابەتی هونەرییەوە بۆ چەند رۆژێك دابەشكردنی مووچە دواكەوتووە و، سبەی دووشەممە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە، بەهۆی هەندێك بابەتی هونەرییەوە، ئەم چەند ڕۆژە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە.

بەپێی خشتەی مانگەکانی رابردوو بێت، سبەی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان مووچەیان پێدەدرێت، ڕۆژانی دواتریش مووچەی یەکەی حەفتا و هەشتا و پاشان وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت.

بەپێی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بێت، ئەوا بەغدا مانگانە 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش 360 ملیار دینار لە داهاتی نەوتی دەخاتە سەر، وەزارەتی داراییش 60 ملیار، لەگەڵ 25 ملیاری كۆمەكی ئەمەریكییەكان بۆ هێزی پێشمەرگە، مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی پێ دابین دەكرێت.
Back to top button