پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەست پێدەكاتەوە

سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایده‌گه‌ینێت ، لە ساڵی 2017ـوە پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە نەگەڕابووەوە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت رەزامەندیی داوە و سبەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەران وەجبەی یەكەمی ناوەكانیان لە ئەنجومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە.

میران بەكر، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، راگه‌یاند لە ساڵی 2017ـوە پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە وەستابوو، سەرۆكی حكوومەت رەزامەندیی داوە، بڕیارە سبەی سێشەممە یەكەم وەجبەی ناوی ئەفسەرانی پێشمەرگە بۆ پلەبەرزكردنەوە بگەڕێتەوە، كە ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە و دەمێكە ئەفسەرانی پێشمەرگە چاوەڕوانن پلەیان بەرز بكرێتەوە، بەڵام تا نەگەڕێتەوە، نازانین كە ژمارەیان چەندە ئەوەی وەجبەی یەكەم دەگەڕێنەوە.

راشیده‌گه‌ێنێت، لە ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەك هەیە پێداچوونەوە بە ناوەكاندا دەكات و ئەوەی شایستە بێت ناویان بۆ پلەبەرزكردنەوە دەگەڕێتەوە و پلەكانیان بەرز دەبێتەوە، چونكە چەند ساڵێكە پلەبەرزكردنەوە وەستاوە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت بەڵێنی داوە و رەزامەندیشی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ناوی وەجبەی یەكەمی ئەفسەران بگەڕێتەوە.

Back to top button