دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وڵامێک ئاراستەی حەسەن نەسروڵلا دەکات
لەوم پەیامەدا کە وڵامێکە بۆ دمشڕی حەسەن نەسڕوڵڵای دابەستەو وتار بێژ لە ژێرزەمینەکانی لوبنانەوە، دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە رۆڵ و کاریگەریەکانی سەرۆک بارزانی و قارەمانەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و نمونەی داستانی قارەمانی و بەرگری پردێ و سحێلا و مەحموودیەش دینێتەوە .
دەقی پەیامەکە
ئەوەی تێبینیمان کرد بە نەفەسێکی لەرزۆک و، ناجێگیر، حەسەن نەسڕوڵڵا هێرشێکی ناڕەوای کردۆتە سەر ڕێبەری کوردستان سەرۆک بارزانی، سەرۆکێک کە لە پێناو ئاشتی بۆ جیهان و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە، بە هاوکاری گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، دەبوو لە جیاتی ئەو زمانە لەرزۆک و هێرشە ناڕەوایە، هیچ نەبووایە پێزانینت هەبوایە بۆ نەتەوەیەک، کە لە ناوچەکە وەک گەورەترین نەتەوەی ستەملێکراو، تێکۆشانی بۆ ئازادی و ئاشتی و مرۆڤایەتی کردووە.
ئەو راستییە ڕوون و ڕۆشنە، کە ئەوە هیزی پێشمەرگەی قارەمان بوو، بەرگریی لە هەولێر و کوردستان کرد و لە داستانی پردێ و سحێڵا و مەحموودیەش، نەیهێشت،کە ھەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر داگیرکاری.
سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەوەی پێزانینی هەبووە بۆ هەموو یارمەتییەک لە شەڕی دژ بە داعش، ئەگەر قەبارەی یارمەتیدانەکە زۆر بچوکیش بووبێ، بەڵام ئەو شەرمەزارییە لەبیرناکرێ، کە راستییەکەت لا ڕوونە و لە لاپەڕەکانی ڕۆژانی 16 و 20 و 26 ئۆکتۆبەری 2017 ئاشکرابوو، کە کێ بوون خەونی نەزۆکیان بریتی بوو لە داگیرکردنی کوردستان، دیارە ھەر پێشمەرگە دلێرەکان بوون جارێکیتر سەرجەم ئەو خەونە نەزۆکانەی لە گۆڕنا، بۆیە ئەگەر بیر لەوە بکەیتەوە سێرە لە ڕێبەری پێشمەرگەئاسای نەتەوەیەک بگری، باشترە پیداچوونەوەیەک بە دۆخی خۆت بکەیت، کە شوێنی داھاتووی سیاسیت لە کامە هاوکێشەی گۆڕانکارییەکان دایە و ئاسۆی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستانیش لەژێر ڕۆشنایی ستراتیژیەتی سەرۆک بارزانی بەرەو کام قۆناغی گەشاوەتر و سەرکەوتن دایە. دووپاتی دەکەینەوە تۆ لەو ئاستە نیت،کە بتوانی بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانت، خەتێک بەسەر ئەو دواڕۆژە گەشە دابێنی، کە سەرۆک بارزانی لە قۆناغی شاخ و شاردا وەک ڕێبەری نەتەوەیەک ئاسۆیەکی گەشی بۆ گەلێکی ستەملێکراوی وەک کوردستان لە ناوچەکە فەراهەم کردووە.
دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٣-١-٢٠٢٠