خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر ئاماده‌نه‌بوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ویفاق رێكبكه‌وێت و مۆسكۆی به‌جێهێشت

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی نزیك له‌ سه‌رۆكایه‌تی سوپای نیشتیمانی لیبیا ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند موشیر خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای نیشتمانی لیبیا به‌بێ ئه‌وه‌ی واژۆی له‌سه‌ر ڕیككه‌وتنی ئاگربه‌ست كردبێت مۆسكۆی جێهێشت و به‌ره‌و به‌نغازی گه‌ڕایه‌وه‌.

رۆژی دووشه‌ممه‌ هه‌ریه‌ك له‌ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر و فائیز سه‌راج له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی ڕووسیا له‌ مۆسكۆی پایته‌خت كۆبوونه‌وه‌ بۆ واژۆكردن له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی ئاگر به‌ست له‌ لیبیا و له‌سه‌ر زۆربه‌ی خاڵه‌كان ڕێككه‌وتوون، به‌ڵام گرنگترین خاڵ كه‌ ڕێكه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میلیشیاكانی لیبیا بووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكراشیكرد كه‌ شاندی یاوه‌ری فائيز سەراج سەرۆكى حكومەتى ويفاقى نيشتيمانى ليبيا واژۆیان له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنه‌كه‌ كردووە و حەفتەريش داواى مۆڵەتى كرد تا به‌یانی بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژه‌ ڕه‌شنووسه‌كه‌ی كه‌ ئاماده‌كراوه‌ و رێگەكانى ئاگربەست لە خۆدەگرێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ به‌بێ واژۆكردن گه‌ڕایه‌وه‌.

چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا لە چوارچێوەى هەوڵەكان بۆ بەرقەراركردنى ئاشتى و ئارامى ليبيا لە مۆسكۆى پايتەختى رووسيا لەگەڵ هاوتا رووسييەكەى روونكردنەوەيەكيان ئەنجامدا لەسەر ئەم دەقە و بەتايبەتى ئەو پێشنيارانەى كە لەلايەنەكەى حەفتەرەوە هاتووە بە بايەخەوە تەماشاكراوە. باسیان له‌وه‌شكرد كه‌ له‌ نۆزده‌ی كانوونی دووه‌مدا جارێكی تر له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی ئاگر به‌ست له‌ لیبیا بڕیاره‌ له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا كۆببنه‌وه‌.

Back to top button