ئه‌مریكا شاندێك ده‌نێرێت بۆ عێراق بۆ گفتوگۆكردن له‌ باره‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا

 

دوای ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌عێراق، بڕیاره‌ ئه‌مریكا وه‌فدێكی دانوستانكار ره‌وانه‌ی عێراق بكات و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، له‌ئێستادا كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌عێراق گونجاو نییه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، وه‌فدێكی دانوستانكاری تایبه‌ت به‌مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر بنه‌مای كاری هاوبه‌ش ره‌وانه‌ی عێراق ده‌كه‌ن. له‌مباره‌یه‌وه‌ مۆرگان ئۆرتیگاس وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه‌ رایگه‌یاند، به‌م نزیكانه‌ وه‌فدێك ره‌وانه‌ی عێراق‌ ده‌كه‌ن بۆ گفتوگۆ كردن له‌باره‌ی دووباره‌ پابه‌ندبونی عێراق به‌ڕێكه‌وتنی هاوبه‌شی ستراتیژی نێوانیان.

مۆرگان ئۆرتیگاس ئاشكراشیكرد، هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌بێ گفتوگۆ له‌عێراق ناكشێنه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی دۆخی ئێستای ئه‌م وولاته‌ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا گونجاو نییه‌. وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌ختی له‌سه‌ر كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانیان له‌عێراق و پاراستنی سه‌روه‌ری و ئه‌منیه‌ت و سه‌قامگیری عێراق كردۆته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ڕۆژی رۆژی پێنجی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاریدا هێزی وڵاتانی بیانی و له‌نێویشیاندا ئه‌مریكا له‌عێراق بكشێنه‌وه‌ و حكومه‌تی عێراقیش جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌كاته‌وه‌.

Back to top button