رەزا شای پەهلەوی : رژێمی ئێران لە چەند مانگی داهاتوودا دەروخێت
شازادەی جێنشینی خێزانی شاهانەی دەسەڵاتداری پێشووی ئێران، پێشبینی دەكات لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا رژێمی ئایینی دەسەڵاتدار كۆتایی بێت.
رەزا شای پەهلەوی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن رایگەیاند، خۆپیشاندانەكانی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو و جارێكی تر دەستپێكردنەوەی لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە، بیری ئەو راپەرینەی دەخاتەوە كە بەهۆیەوە محەمەد رەزا شای باوكی لە دەسەڵات دووخرایەوە لە ساڵی 1979.
رەزا شا ئاماژەی بەوەشكرد، پرسی روخان و كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی 40 ساڵەی رژێمی ئێستای ئێران بە تەواوەتی، تەنها پەیوەندی بە چەند هەفتە و مانگی داهاتوو هەیە و بارودۆخەكە هاوشێوەی چەند مانگی كۆتایی ساڵی 1978 ی پێش روخانی دەسەڵاتی پاشایەتییە.
رەزا شا رۆژی چوار شەممە لە وتەیەكدا لە پەیمانگای هودسۆن لە واشنتۆن رایگەیاند، بە تەواوی پشتیوانی لە فشارەكانی دۆناڵد ترەمپ لە دژی حكومەتی ئێران دەكات بە ئامانجی روخاندنی و ئاشكراشیكرد، گفتوگۆكانی پێشووی نێوان هەردولا شكستیانهێناوە.
رەزا شا بە دووریشی زانی لە دوای روخانی رژێمی ئێستای ئێران، دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران دەستپێبكاتەوە، پشتیوانی خۆشی بۆ هاوپەیمانییەكی بەرفراوانی نێوان لایەنە ئێرانییەكان لەسەر بنەمای دیموكراسی دەربڕی.