حه‌نان فه‌تلاوی هێلكه‌كه‌ی عه‌بدولستار مه‌جید به‌ ساخته‌ ده‌زانێت

خواكوڕك

حەنان فەتلاوی، په‌رله‌مانتار و سەرۆكی فراكسیۆنی ئیرادە لە پەرلەمانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هێلكه‌كانی هەرێمی كوردستان هەناردەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكات ساختەن و هێلكه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێم نین.

فه‌تلاوی كه‌ به‌ كه‌سایه‌تیه‌كی ناحه‌زی هه‌رێمی كوردستان و پرسی كورد له‌ عێراق ناسراوه‌، له‌ پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ده‌نووسێت، ” مه‌گه‌ر كه‌ڵه‌شێره‌كانیش هێلكه‌ بكه‌ن به‌وجۆره‌ هێلكه‌ی هه‌رێمی كوردستان زۆربێت”

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێیوایه،‌ ئه‌و هێلكانه‌ به‌رهه‌می كوردستان نین به‌ڵكو له‌وڵاتانی دیكه‌ ده‌كڕدرێن و دێنه‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق، بۆ خۆدزینەوە لە باج و گومرگ بەناوی هەرێمی كوردستان بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە دەكرێن.

له‌به‌رامبه‌ردا عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، “هەرێمی كوردستان لەڕووی بەرهەمی هێلكە گەیشتووەتە خوددابینكاری، لەبەر زۆری بەرهەمەكەش بۆ چەندین پارێزگای دیكەی عێراق هەناردەی دەكەین” ده‌شڵێت، هه‌ركه‌س به‌ڵگه‌ی هه‌یه‌ با شكات بكات.

ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ 20/12/2016 وه‌زیری كشتوكاڵ له‌ لێدوانێكی بۆ مالپه‌ڕی رووداو رایگه‌یاندووه‌، “لەڕووی پەلەوەر و مریشكیشەوە هەرێمی كوردستان 80% ی پێداویستی نێوخۆ دابین دەكات، ئەگەر بۆ پارێزگاكانی نێوەڕاست و باشوویش هەناردە نەكرێت، رێژەكە دەگاتە 100%”.

Back to top button