ئایا عەلی خامنەیی دەست لەکاردەکێشێتەوە؟

دوای هەشت ساڵ دابڕان لە ئەنجامدانی نوێژ و وتاری هەینی، بڕیارە سبەینێ هەینی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتارێک پێشکەش بکات،.

 

ئەم وتارە لەکاتێکدایە، کە وڵاتەکەی لەهەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا لە دۆخێکی خراپ دایە و ئەگەری روبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ جیهانی ئازاد لەئارادایە..

 

چاودێران پێشبینی دەکەن، لە وتارەکەیدا باس لە گرژییەکانی ئەم دواییەی کۆمارەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کردەکانی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی  فەرماندەی سوپای قودس بکات، کە لە هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا لەسەر خاکی عێراق لەلایەن فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی ئەمریکا کوژرا.

 

وا پێدەچێت خستنەخوارەوەی فرۆکە مەدەنییەکەی ئۆکرانیاش لە ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن بنکەیەکی دژە ئاسمانی سەر بە سوپای پاسداران بخاتە ئەستۆی جوڵەکانی ئەمریکا بەمەبەستی هێورکردنەوەی شەقامی ناڕەزایی دژ بە دەسەڵاتە کراوەکانی و سوپای پاسداران..

هەندێکی دیکە لە چاودێران بەشێوەیەکی دی بیردەکەنەوە و پێشبینی دەکەن، کە رەنگە بۆ هەڵمژینی ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارە، کە زیاتر روو لە دەسەڵاتەکانی ئەوە، تەنانەت لەلایەن پیاوانی ئایینیشەوە رەخنەی لێ دەگیرێ، بەوەی لەئەنجامی سیاسەتی فرەوانخوازی بێ بەرهەم وڵاتەکەی دووچاری کێشەی قوڵ کردۆتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بە دوژمن.

 

بۆیە رەنگە پەنا بۆ کارتی دەست لەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی ببات بۆ دامرکاندنەوەی ئەو دەنگانە و راکێشانی سۆزی خەڵکی، بەتایبەتی وەک هاندەرێک سەیری رژانی ئەو خەڵکە زۆرە دەکات، کە لە رێوڕەسمی گەڕاندنەوە و بەخاکسپارنی جەنازەی پارچەپارچەکراوی قاسم سلێمانی ئامادەبوون، بەمەش دەیەوێ دوای راگەیاندنی دەست لەکارکێشانەوەکەی، وەک هەوڵێک بۆ رزگارکردنی سیستمی وڵاتەکەی خەڵك بڕژێتە سەر شەقام و داوای بەرخودان و مانەوەی لێ بکەن، هەر لەم گەمەیە پەیامێکیش بە هێزە دژبەرەکانی ناوەخۆ و دەرەوە دەدات، کە خەڵکی ئێران پشتیوانی لە سیستەمی کۆمارەکەیان دەکەن و ئەوانەی داوای گۆڕینی دەکەن تاقمێک بەکرێگیراوی دەرەوەن، واتە دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئیرانن.

Back to top button